بۆکۆ حەرام پەیوەندی بە داعشەوە کرد
رووداو - ئاژانسەکان
گرووپی ئیسلامی تووندڕەوی نەیجیریا (بۆکۆ حەرام)، کە ماوەیەکە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتی نەیجیریا و وڵاتانی دراوسێی، پەیوەندیکردنی خۆی بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) راگەیاند.
ئەبوبەکر شیکاوی سەرۆکی بۆکۆحەرام لە نوێترین گرتەی ڤیدیۆییدا کە ئێوارەی رۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە کە گروپەکەی ئەو بە تەواوی پەیوەندی بە داعشەوە دەکات و لەومەودوا خۆی وەک بەشێک لە داعش دەناسێنێت.
هەر لەو گرتە ڤیدیۆییەدا شیکاوی بەیعەت بە ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی رێکخراوی داعش دەدات.
بۆکۆ حەرام لە ماوەی رابردوودا چەندین جار پشتیوانیی خۆی بۆ داعش دووپاتکردووەتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە پەیوەندیکردنی گرووپەکەی بە داعشەوە ئاشکرابکات.
بۆکۆ حەرام لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو دەستیکردووە بە ئەنجامدانی هێرشەکانی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی نەیجیریا و چەندین جار هێرشی بۆسەر وڵاتانی وەک چاد، نێجەر و کامیرۆن ئەنجامداوە، لەو ناوچانەش کە لە نەیجیریا دەستیگرتووە بەسەریدا ئەمارەتێکی بەناوی ئەمارەتی ئیسلامی دامەزراندووە.