دادگەیەکی ئیتاڵیا: دەبێت حکومەت بە پارە قەرەبووی 177 کۆچبەر بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای شاری رۆما بڕیارێکی داوە کە رەنگە بۆ هەندێک لەو کۆچبەرە کوردانەی بەو وڵاتەدا تێپەڕیون یان ماونەتەوە، خێری تێدابێت. دادگەکە دەڵێت، ساڵی 2018 حکومەتی ئیتاڵیا رێگەی لە دابەزینی ژمارەیەک کۆچبەر گرتووە، کە بە کەشتییەک هاتوونەتە دوورگەی لێمپادیوسیای ئیتاڵیا.
 
لە مانگی ئابی ئەو ساڵەدا، کەشتییەکی پڕ لە کۆچبەر خۆیان دەکەن بە کەناراوەکەدا، ژمارەیان 190 کۆچبەر بووە، 13 کۆچبەر دۆخی تەندروستییان یەکجار خراپ بووە و بەپەلە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە؛ ئەوانەی ماونەتەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ لەسەر کەشتییەکە هێڵدراونەتەوە.
 
دادگەکە دەڵێت، ئەمە بە پێچەوانەی یاسا بووە و دەبێت کۆچبەران بە پارە قەرەبوو بکرێنەوە. بەڵام نەیگوتووە دەبێت پارەکە چەند بێت.
 
دوای دەرچوونی بڕیارەکە، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و کاربەدەستانی دیکە نیگەرانییان دەربڕی؛ هەندێکیشیان رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت.
 
مارگاریتا کاسانۆی، سەرۆکی دادگاکەی رۆماش وەڵامی دانەوە و گوتی، "رەخنەگرتن لە بڕیارەکە ئاساییە، بەڵام سووکایەتی بە بڕیارەکە نایاساییە و قبووڵ ناکرێت."