لە پاکستان ئادمینی گرووپێکی واتسئەپ لەسەر دەرکردنی کەسێکی دیکە کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی پاکستان بڵاویکردەوە، لە هەرێمی خیبەر پاختونخوا کەسێک تۆمەتبارکراوە بە کوشتنی ئەدمینی گرووپێکی واتسئەپ، ئەمە دوای ئەوەی کوژراوەکە بکوژەکەی لە گرووپەکە دەرکردبوو. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، لە شاری پیشاوەر، موشتاق ئەحمەد ئەدمینی یەکێک لە گرووپەکانی واتسئەپ لەلایەن یەکێکی دیکەوە کوژرا. 
 
ئەمڕۆ پۆلیس رایگەیاند، کەسێک بە ناوی ئەشفاق تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتییەکە. 
 
بە گوتەی پۆلیس، دوای ئەوەی دەمەقاڵێیەک لەنێوانیاندا دروستببوو، موشتاق ئەشفاقی لە گرووپێکی وەتسئەپ دەرکردبووە. برایەکی موشتاق بە پۆلیسی گوتووە، پێش رووداوەکە هەردوولا هەوڵی رێککەوتنیان دابوو، بەڵام ئەشفاق لەو کاتەدا توڕە بووە و چەکەکەی دەرهێناوە و براکەی ئەوی کوشتووە. 
 
زۆری چەک و بەردەستبوونیان بە هۆکاری زیادبوون و زۆری کوشتن لەو وڵاتە دادەندرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی یاسا و لێپێچینەوە لە بکەرانی دروستکردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-11-2024، بەرپرسێکی ناوچەی کوڕەم لە باکووری رۆژئاوای پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە دوو هێرشدا بۆ سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی ناوچەکە زیاتر لە 38 کەس کوژران و 11ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
لەنێو کوژراوەکان دا شەش ژن و ژمارەیەک منداڵ هەبوون. بەگوتەی بەرپرسەکە، 11 چەکدار لە هێرشەکە دا بەشدار بوون.