پاکستان: ئاگربەست دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر.
بەپێی راگەیێندراوەکەی شەهباز شەریف، ئەم ئاگربەستە لەم ساتەوە بە فەرمی چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و هەموو بەرەکانی جەنگ دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە ناو خاکی لوبنان و شوێنەکانی دیکەش، کە تێیدا ململانێی چەکداری هەبوو.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاشکرای کرد، هەردوو وڵاتی بانگهێشت کردووە تاوەکو رۆژی هەینی، 10ـی نیسانی 2026، شاندەکانیان رەوانەی شاری ئیسلام ئاباد بکەن. ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە دەستپێکردنی دانوستاندنی جیدییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە و کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو کێشانەی کە بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە.
شەهباز شەریف ستایشی "دانایی و لێکتێگەیشتن"ی سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتی کرد و جەختی لەوە کردەوە، واشنتن و تاران بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە لە هەوڵەکانیان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام بوون. شەریف گوتی: "بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە ژیرانەیە دەکەم."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان هیوای خواست، "گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد" سەرکەوتوو بن لە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا هەواڵی خۆشی زیاتر سەبارەت بەم رێککەوتنە بڵاوبکەنەوە.