ترەمپ: پێموایە چین هانی ئێرانی دا بۆ دانوستاندن

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە "سەرکەوتنێکی تەواوەتی و بێوێنە" دوای ئەوەی لەگەڵ ئێران رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی. سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێ، پێیوایە چین هانی ئێرانی داوە بۆ ئەوەی دانوستاندن بکات.
 
ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کاژێر 3:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ترەمپ دوای راگەیاندنی فەرمیی ئاگربەستەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "سەرکەوتنی تەواوەتی و گشتگیر. 100٪. هیچ گومانێکی تێدا نییە." 
 
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەم ئاگربەستە 14 رۆژییە، کە لە رێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە هاتە ئاراوە، هەموو ئامانجەکانی واشنتنی پێکاوە.
 
سەبارەت بەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لە ناو ئێراندا مابووەوە و بووەتە جێگەی نیگەرانیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ترەمپ گوتی: "ئەو بابەتە بە باشترین شێوە چارەسەر دەکرێت، ئەگەرنا من رێککەوتنم واژۆ نەدەکرد." 
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا چین رۆڵی هەبووە لە رازی کردنی هاوپەیمانەکەی (تاران) بۆ هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ، ترەمپ گوتی: "ئەمەم بیستووە." 
 
ئەم هەواڵانە لە کاتێکدا دێن، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاری داهاتوودا گەشتێک بۆ پەکین بکات و لەوێ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆککۆماری چین کۆببێتەوە. 
 
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە دوای پێنج هەفتە لە جەنگێکی وێرانکەر دێت، لە کاتێکدایە جیهان ئێستا چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکانە بە تەنگەی هورمزدا.