سەرۆکوەزیرانی پاکستان: پێشێلکاری لە رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی ئێراندا کراوە
رووداو دیجیتاڵ
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، چەند حاڵەتێکی پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانیان پێگەیشتووە. ئەو داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە تەبایی و رێککەوتنەکە بگرن تاوەکو رێگە بۆ دیپلۆماسی خۆش بێت.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، شەهباز شەریف لە ئێکس بڵاویکردەوە، "پێشێلکردنی ئاگربەست لە چەند شوێنێکی ناوچەی جەنگ راگەیێندراوە، کە ئەمەش گیانی پرۆسەی ئاشتی لاواز دەکات."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتیشی: "بە دڵسۆزییەوە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم دان بەخۆدا بگرن و رێز لەو ئاگربەستە دوو هەفتەییە بگرن کە لەسەری رێککەوتووین، تاوەکو دیپلۆماسی بتوانێت رۆڵی سەرەکی بگێڕێت بەرەو چارەسەری ئاشتییانەی ململانێکە."
پاکستان کە یەکێکە لە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی نێوان واشنتن و تاران، هەوڵ دەدات ژینگەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو بڕەخسێنێت کە بڕیارە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبچن، بەڵام ئەم پێشێلکارییانە مەترسی بۆ سەر بەردەوامیی ئاگربەستەکە دروست کردووە.
شەوی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی پاکستان پێشنیازێکی دوو هەفتەیی بۆ ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران کرد. شەریف داوایکرد لەو ماوەیەدا دەرفەت بە دانوستاندن بدرێت و تارانیش تەنگەی هورمز بکاتەوە.
گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی پاکستان سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاگربەست لە کاتێکدان پێشتر میدیای ئێران بڵاویکردەوە، دوای راگەیاندنی ئاگربەست هێرشکراوەتە سەریان. بە گوێرەی میدیای بەریتانیا کە پشتی بە دوو کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت کردووە، تاوەکو ئێستا تاران تەنگەی هورمزی بە تەواوی نەکردووەتەوە و بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان داوای پارە دەکات.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخست و ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بەرزکردەوە.