ترەمپ: ئەو لیست و رێککەوتنانە ساختەن کە لەبارەی ئاگربەست بڵاوکراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەواوی ئەو لیست و رێککەوتنامانەی رەتکردەوە کە لەبارەی دانوستانەکانی واشنتن و تاران لە راگەیاندنەکان بڵاوکراونەتەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بۆ ئاشکراکردنی ئەو "فێڵبازانە" دەستپێدەکەن کە زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" رایگەیاند: "چەندین رێککەوتن، لیست و نامە لەلایەن کەسانێکەوە بڵاودەکرێنەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە نییە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوانە فێڵباز، چەواشەکار و خراپترن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان، ئەو لایەنانە بە خێرایی ریسوا دەکرێن. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە "تەنیا یەک گرووپ لە خاڵە مانادارەکان هەن کە بۆ ئەمریکا قبووڵکراون و لە کاتی دانوستانەکاندا لە پشت دەرگا داخراوەکان باسیان دەکەین."
ترەمپ لەبارەی ئاگربەستەکەوە گوتی، ئەم خاڵانە بنەمای ئەو ئاگربەستەن کە لەسەری رێککەوتوون و بە "شتێکی لۆژیکی" وەسفی کردن.
لە هەمان کاتدا، هێرشی کردە سەر تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" و بە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە" تۆمەتباری کردن. ئاماژەی بەوەش کرد کە "سی ئێن ئێن" شەوی رابردوو هەواڵێکی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوکردووەتەوە کە هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە نامەیەک بەو قەبارەیە بنووسێت و بانگەشەی هەبوونی زانیاری بکات.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو پلانە 10 خاڵییەی میدیاکانی ئێران بۆ ئاگربەست بڵاویان کردووەتەوە، هەمان ئەو رێککەوتنە نییە کە واشنتن رەزامەندیی لەسەر داوە.
تاران لە وەشانی خۆیدا داوای بەردەوامیی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزی کردبوو، بەڵام واشنتن جەخت لە راماڵینی پاشماوە ئەتۆمییەکان و کردنەوەی تەنگەکە دەکاتەوە.
هەروەها خاڵێکی دیکەى ناکۆک بابەتى لوبنان بوو، ئێران رایگەیاندبوو کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل رەتیکردەوە لوبنان بەشێک بووبێت لە ئاگربەستەکە و لە هێرشێکی بێپشینەدا رۆژى چوارشەممە 8ى نیسان بۆ سەر بەیرووت، 89 کەس کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون.
لە کاتێکدا بڕیاربوو نوێنەرانى ئێران و ئەمریکا بۆ دانوستاندنێکى راستەوخۆ لە ئیسلام ئابادى پایتەختى پاکستان کۆببنەوە، ئێران رەتیدەکاتەوە دانوستاندن بکات ئەگەر بێت و ئاگربەستەکە لوبنانیش نەگرێتەوە.
جەنگی ئێران کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئێستا لە قۆناخی ئاگربەستێکی "ناسکی" دوو هەفتەیی دایە.