جێگری ترەمپ: 10 خاڵەکە بە چات جی پی تی نووسرابوون و خرانە نێو تەنەکەی زبڵ

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا جیهان هەناسەیەکی هەڵکێشاوە بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەستێکی 14 رۆژی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام لە پشت پەردەکانەوە جەنگێکی "دیپلۆماسیی قورس" بەڕێوەدەچێت. جیاوازیی نێوان "10 خاڵەکەی ئێران" و "15 خاڵەکەی ئەمریکا" هێندە زۆرە کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا یەکەم پێشنیازی تارانی بە بەرهەمی "چات جی پی تی" وەسف کرد.
 
پێشنیازێک بۆ ناو تەنەکەی زبڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی جێهێشتنی وڵاتی هەنگاریا، پەردەی لە سەر تووندیی دانوستانەکان لادا و گوتی: "یەکەم پێشنیازی 10 خاڵیی کە لە لایەن ئێرانەوە پێشکێش کرا، ئێمە بە راشکاوی پێمان وایە رەنگە لەرێگەی (ChatGPT)ـەوە نووسرابێت." ڤانس ئاشکرای کرد، ئەو پێشنیازە "دەستبەجێ خرایە ناو تەنەکەی زبڵ و رەتکرایەوە،" چونکە "داواکارییەکانی تاران تێیدا یەکجار زۆر و نا لۆژیکی بوون."
 
10 خاڵەکەی ئێران؛ مەرجە قورسەکان بۆ واشنتن
میدیای فەرمیی ئێران پەردەی لە سەر ئەو 10 خاڵە لادا کە تاران وەک بنەمای دانوستاندن بۆ ئاشتیی هەمیشەیی پێشکێشی کردوون، کە بریتین لە:
 
- پابەندبوونی ئەمریکا بە گەرەنتیی ئەوەی جارێکی دیکە جەنگ هەڵناگیرسێتەوە.
- بەردەوامبوونی کۆنتڕۆڵی ئێران بە سەر تەنگەی هورمزدا.
- قبووڵکردنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
- هەڵگرتنی هەموو سزا سەرەکییەکان.
- هەڵگرتنی هەموو سزا لاوەکییەکان.
- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران.
- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
- پێدانی قەرەبووی زیانەکان بە ئێران بەهۆی ئەو زیانانەی لە جەنگەکەدا بەریکەوتووە.
- کشانەوەی هێزە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
- راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش بەرەی لوبنان.
 
فێڵی زمانەوانی و "خاڵی ونبوو"
 
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس ئاماژە بەوە دەکات، تاران یارییەکی دیپلۆماسیی دووفاقی دەکات؛ ئەو دەقەی بە زمانی فارسی بڵاوکراوەتەوە، خاڵی سێیەم کە "مافی پیتاندنی ئەتۆمی"یە وەک مەرجێکی سەرەکی تێدایە، بەڵام لەو دەقە ئینگلیزییەی رادەستی لایەنی ئەمریکی کراوە، ئەم خاڵە بە هیچ جۆرێک بوونی نییە.
 
دەیڤید ئۆلبرایت، سەرۆکی پەیمانگەی زانست و ئاشتیی نێودەوڵەتی دەڵێ، ئەمریکا چوار مەرجی هەیە کە سازشیان لە سەر ناکات: هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێران، گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ دەرەوە و رێگەدان بە پشکنینی نێودەوڵەتی لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکە.
 
"سێشەممەی پڕ لە پشێوی" و رۆڵی موجتەبا خامنەیی
 
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، رۆژی دووشەممە کاتێک ترەمپ خەریکی ئاهەنگی جەژن هەستانەوە بوو لە کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆک بە تووڕەیی و هاوارەوە بە تەلەفۆن بە نێوەندگیرەکانی گوتووە پێشنیازەکەی ئێران "کارەساتە".
 
ئەم گرژییە وایکرد نێوەندگیرە پاکستانی، میسری و تورکییەکان تاوەکو نیوەشەو لە نێوان ویتکۆف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رابکەن. دواجار گڵۆپی سەوز لە لایەن موجتەبا خامنەییەوە هەڵکرا بۆ ئاگربەستێکی 14 رۆژی لە سەر بنەمای پێشنیازێکی 10 خاڵیی دووەم، کە جەی دی ڤانس بە "لۆژیکیتر" وەسفی کرد.
 
لوبنان؛ ئەو گرێکوێرەیەی ئاگربەستەکە دەخنکێنێت
 
گەورەترین خاڵی ناکۆکی بەرەی لوبنانە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، بێ ئاگربەست لە لوبنان جەنگ ناوەستێت، بەڵام جەی دی ڤانس وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئێرانییەکان تووشی تێگەیشتنێکی هەڵەی یاسایی بوون. ئێمە هەرگیز بەڵێنمان نەداوە ئاگربەست لوبنانیش بگرێتەوە."
 
دوای ئەم لێدوانانە، ئیسرائیل قورسترین هێرشی کردە سەر لوبنان و لانیکەم 182 کەسی کوشت، بەڵام ڤانس دەڵێ، ئیسرائیلییەکان ئامادەن کەمێک "دانبەخۆداگرتن" نیشان بدەن تەنیا بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان سەرکەوتوو بن، هەرچەندە ئاگربەست بە فەرمی ئەو بەرەیە ناگرێتەوە.
 
بەرەو ئیسلام ئاباد؛ رۆژانی یەکلاکەرەوە
 
بڕیارە رۆژی شەممە، جەی دی ڤانس، سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بکات (بە بەشداریی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر) بۆ کۆبوونەوەی "رووبەڕوو" لەگەڵ شاندی ئێرانی لە ئیسلام ئابادی پاکستان. ڤانس هۆشداری دا، ترەمپ "پیاوی کات کوشتن نییە" و ئەگەر ئێران فێڵ بکات یان تەنگەی هورمز بە تەواوەتی نەکاتەوە، رووبەڕووی "لێکەوتەی زۆر سەخت" دەبێتەوە.
 
ئێستا بازاڕەکانی جیهان چاودێریی ئەم "ئاگربەستە ناسکە" دەکەن؛ هەرچەندە نرخی نەوت کەمێک دابەزیوە، بەڵام نرخی بەنزین لە ئەمریکا بۆ سەرووی 4 دۆلار هەڵکشاوە، ئەمەش گوشارێکی گەورەی بۆ سەر ترەمپ دروست کردووە تاوەکو پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم، ئەم دۆسیەیە بە "سەرکەوتنێکی 100٪" دابخات.