ترەمپ: ئێران دەتوانێ دەست بە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە بکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جیهان لەبەردەم "رۆژێکی گەورە بۆ ئاشتی" دایە. ترەمپ راشیگەیاند، ئێران و هەموو وڵاتانی دیکەش چیدی بەرگەی جەنگیان نەماوە و کاتی گۆڕانکاریی ریشەیییە.
دوای تێپەڕبوونی چوار کاژێر بەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیال رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راستەوخۆ هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو جەنجاڵییەی هاتووچۆ کە لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا لە تەنگەی هورمز دروست بووە.
ترەمپ گوتی: "چەندین هەنگاوی ئەرێنی دەنرێن و پارەیەکی زۆر (لە بازاڕەکاندا) پەیدا دەکرێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەم ئاگربەست و رێککەوتنە نوێیەوە، ئێران دەتوانێت دەست بە پڕۆسەی بنیادنانەوەی ژێرخانە وێرانبووەکانی بکات. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە کەشتییەکانمان بە هەموو جۆرە پێداویستییەک بار دەکەین و تەنیا لەو دەوروبەرە (تەنگەی هورمز) دەمێنینەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بین هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی گەشی بۆ داهاتووی ناوچەکە کێشا و گوتی: "متمانەم هەیە کە هەموو شتێک باش دەبێت. رێک وەک ئەوەی لە ئەمریکا ئەزموونی دەکەین، ئەمە دەکرێت ببێتە سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن، واشنتن و تاران بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشانداوە تاوەکو لەرێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن واژۆ بکەن. ئەم هەواڵە بووەتە هۆی بووژانەوەی خێرای بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.