بەرپرسێکی باڵای رووسیا: ئێران چەکە ئەتۆمییەکەی تاقیکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا رایگەیاند، "ئێران چەکە ئەتۆمییەکەی تاقیکردەوە، کە ناوی تەنگەی هورمزە."
 
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە هەژماری خۆی لە (ئێکس) نووسیویەتی، "روون نییە ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران چۆن جێبەجێ دەکرێ، بەڵام شتێک یەکلابووەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئێران چەکە ئەتۆمییەکەی تاقیکردەوە، ئەویش ناوی تەنگەی هورمزە؛ کە تواناکانی لەنێوناچن."
 
شادەماری ئابووریی جیهان
 
تەنگەی هورمز، بە شادەماری ئابووریی جیهان و بازاڕی وزە دادەنرێت. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هەڕەشەی داخستنی ئەم رێڕەوە دەریاییە لە دروشمێکی سیاسییەوە گۆڕاوە بۆ راستییەکی مەیدانی.
 
تەنگەی هورمز گەورەترین خاڵی گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا. بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەم تەنگەیەوە تێپەڕ دەبێت، کە دەکاتە 20%ی تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراوی جیهان.
 
جگە لە نەوت، ساڵانە زیاتر لە 80 ملیۆن تۆن گازی سرووشتیی شلکراو (LNG) لەم رێڕەوەوە دەگوازرێتەوە، کە زۆربەی لە قەتەرەوە بەرەو ئاسیا و ئەورووپا دەچێت. بۆ وڵاتانی ئاسیا، ئەم تەنگەیە پرسی "ژیان و مردنە"؛ چونکە 75%ی ئەو نەوتەی پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەرەو بازاڕەکانی چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور دەڕوات. هەر جۆرە پەککەوتنێک لەم تەنگەیەدا، بە واتای راوەستانی جووڵەی ئابووریی جیهانی دێت.
 
لە رووی جوگرافییەوە، ئێران باڵادەستییەکی تەواوی بەسەر تەنگەکەدا هەیە. کەناراوە درێژەکانی و بوونی دوورگە ستراتیژییەکانی وەک "ئەبو موسا" و "تومبی گەورە و بچووک"، رێگەیان بە سوپای پاسداران داوە چاودێریی وردی جووڵەی کەشتییەکان بکەن. تاران چەندین سیستمی مووشەکیی دژە کەشتی و درۆنی لە کەناراوەکان جێگیر کردووە.