ترەمپ: لەگەڵ ئێران کار دەکەین بۆ لەنێوبردنی 'تۆزە' ئەتۆمییەکان

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە نزیکەوە لەگەڵ تاران کار دەکات بۆ قۆناخێکی نوێ کە بە "گۆڕانکارییەکی رژێمی بەرهەمدار" وەسفی کردووە. هاوکات هۆشداریی تووندیش دەداتە ئەو وڵاتانەی چەک بۆ ئێران دابین دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئێران لە قۆناخێکدایە کە گۆڕانکاریی رژێم تێیدا زۆر بەرهەمدار دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم سفر دەبێت و ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران، هەموو ئەو 'تۆزە' ئەتۆمییانەی لە قووڵاییدا شاردراونەتەوە، لەنێویان دەبات.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم ئەو شوێنە ئەتۆمییانەی لە رابردوو و ئێستاشدا لەژێر چاودێرییەکی زۆر وردی مانگە دەستکردەکانی (هێزی بۆشایی ئاسمان)ی وڵاتەکەیدان، "لە رێککەوتی هێرشەکەوە تاوەکو ئێستا، دەست لە هیچ شتێک نەدراوە."

سەبارەت بە لایەنی دیپلۆماسی و ئابووریی پەیوەندییەکان، ترەمپ ئاشکرای کرد، واشنتن و تاران سەرقاڵی گفتوگۆن و بەردەوامیش دەبن لەسەر پرسی سووککردنی سزاکان و پێناسی گومرگی. ئاماژەی بەوەش کرد کە "زۆر لەو 15 خاڵەی پێشتر دیاری کرابوون، رێککەوتنیان لەسەر کراوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی وڵاتانی جیهان کرد و رایگەیاند، هەر وڵاتێک چەک بۆ ئێران دابین بکات، دەستبەجێ پێناسی گومرگی بە رێژەی 50% دەخرێتە سەر سەرجەم ئەو کاڵایانەی کە بە ئەمریکای دەفرۆشێت.

ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم بڕیارە لە ئێستاوە چوووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و گوتی، "هیچ بێبەشکردن و لێخۆشبوونێک بۆ هیچ وڵاتێک لەم بڕیارەدا بوونی نابێت."