سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا: لە جەنگی ئێراندا سەربازەکانمان 950 هەزار گاڵۆن قاوەیان خواردەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری جەنگی ئەمریکا و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەو وڵاتە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا، سەرکەوتنی تەواوەتی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"یان راگەیاند. ئەوان جەختیان کردەوە کە لە کەمتر لە 40 رۆژدا، توانیویانە "سوپای ئێران بە تەواوی پەک بخەن" و "ژێرخانی پیشەسازی و ئەتۆمی ئەو وڵاتە" وێران بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، لە واشنتن، پیت هیگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، نوێترین ئامار و وردەکارییەکانی جەنگیان خستەڕوو.
 
هیگسەس: سەرکەوتنێکی مێژوویی و تێکشکانی سوپای ئێران
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" سەرکەوتنێکی سەربازیی رەها بوو. ئەو گوتی: "بە بەکارهێنانی کەمتر لە 10٪ی کۆی هێزی شەڕکەری ئەمریکا، یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی جیهانمان هەڵوەشاندەوە." 
 
هیگسەس ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردایەتیی باڵای ئێران بە سیستماتیک لەنێو بردران، لەوانە "رێبەری باڵا، وەزیری بەرگری، فەرماندەی سوپای پاسداران و دەیان بەرپرسی دیکە، کە ئەمەش وای کرد رژێمی نوێ بژاردەی نەمێنێت و داوای ئاگربەست بکات".
 
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخست و ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بەرزکردەوە. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ راگرتنی جەنگ بۆ دوو هەفتە رازیبوون بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا گفتوگۆ لەگەڵ تاران بکرێت و دەرفەتێک بدرێتە دانوستاندن. 
 
وەزیری جەنگ هۆشداری دا کە ئەگەر "تاران مەرجەکانی ئاگربەستی قبوڵ نەکردایە، ئامانجی دواترمان وێرانکردنی تەواوەتی وێستگەکانی کارەبا، پردەکان و تەواوی ژێرخانی وزەی ئێران دەبوو".
 
تێکشکاندنی 13 هەزار ئامانج و لەناوبردنی هێزی دەریایی
 
دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، ئامارە وردەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە تاوەکو ئێستا هێزە هاوبەشەکان زیاتر لە 13 هەزار ئامانجیان پێکاوە، کە چوار هەزاریان ئامانجی داینامیکی بوون، واتا ئەو ئامانجانەی لە کاتی فڕیندا دۆزراونەتەوە. سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد کە 80٪ی بەرگری ئاسمانیی ئێران، 90٪ی هێزی دەریایی و 95٪ی مینە دەریاییەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێنراون.
 
کەین گوتیشی: "هێزی دەریایی ئێران ئێستا لە بنی کەنداوی عەرەبیدایە. ئێمە زیاتر لە 150 کەشتی جەنگییانمان نوقم کردووە، لەوانە هەموو کەشتییە جەنگییەکانی جۆری جاماران."
 
وێرانکردنی بنکە پیشەسازییەکان و بەرنامەی ئەتۆمی
 
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، 90٪ی کارگەکانی چەک و هەموو ئەو کارگانەی درۆنی "شاهد"یان بەرهەم دەهێنا، خاپوور کراون. هەروەها 80٪ی بنکە پیشەسازییە ئەتۆمییەکانی ئێران پێکراون، کە ئەمەش وای کردووە توانای تاران بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بۆ ساڵانێکی زۆر پەک بکەوێت. سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا جەختی کردەوە کە کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و سووتەمەنی رەق بە تەواوی وێران بوون.
 
توانای لۆجستیی بێوێنە، نزیکەی ملیۆنێک گاڵۆن قاوە و شەش ملیۆن ژەمە خۆراک
 
دان کەین تیشکی خستە سەر قەبارەی کارە لۆجستییەکان و گوتی، کە هیچ سوپایەک لە جیهاندا ناتوانێت وەک ئەمریکا ئەم کارە بکات. ئەو ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 38 رۆژی جەنگدا، فڕۆکەکان زیاتر لە 10 هەزار گەشتیان ئەنجامداوە. لەو ماوەیەدا سەربازەکان زیاتر لە شەش ملیۆن ژەمە خۆراکیان خواردووە.
 
بە گوێرەی سێنتکۆم، نزیکەی 50 هەزار سەربازیان بۆ جەنگی ئێران ناردبوو و بەنیازیش بوون 20 هەزاری دیکە بنێرن. ئەمە جگە لەو کەسانەی کە لە پێنتاگۆنەوە کاریان لەسەر جەنگەکە دەکرد. 
 
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ هێشتنەوەی سەربازەکان بە هۆشیاری، نزیکەی 950 هەزار گاڵۆن قاوە و دوو ملیۆن خواردنەوەی وزەبەخشیان بەکارهێناوە.
 
رزگارکردنی فڕۆکەوانەکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، باس لە ئۆپەراسیۆنی بوێرانەی رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە کرا کە لە ناو خاکی ئێران کەوتبوونە خوارەوە. کەین گوتی: ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا هیچ سەربازێکی لە دواوە جێناهێڵێت.
 
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، وەزیری جەنگ رایگەیاند، کە ئێستا ئێران بە شێوەیەکی خۆبەخشانە تەنگەکەی کردووەتەوە و هاتووچۆی بازرگانی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت وڵاتانی دیکەی جیهانیش بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو رێڕەوە نێودەوڵەتییە بگرنە ئەستۆ.