ڤانکۆڤەر پڕفرۆشترین شاری خانووبەرەیە لە جیهاندا
رووداو - هەولێر
بەپێی توێژینەوەیەکی کۆمپانیای خانووبەرەی نایت فرانک، شاری ڤانکۆڤەری کەنەدی، پێشەنگی شارەکانی جیهانی گرتووە، لە جوڵەی بازاڕی خانووبەرە و بەرزی نرخی خانووبەرە، لەبەرامبەردا بازاڕی خانوبەرەی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا هیچ بەرەوپێشچونێکی بەخۆیەوە نەبینیووە، لەکاتێکدا لەندەن بە یەکێک لە شارە پڕفرۆشەکانی کەرتی خانوبەرەی جیهان.
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، نرخی شوقە و خانووەکان لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا بەڕێژەی لەسەدا 26 بەرزبووەتەوە، بەڵام لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، نرخی خانووبەرە تەنیا بە رێژەی سەدا 8 زیادیکردووە.
بەپێی توێژینەوەیەکی کۆمپانیای خانووبەرەی نایت فرانک، لە 2009 بەدواوە، کەرتی خانووبەرە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەهیچ شێوەیەک گرانبوونی بەخۆیەوە نەبینیووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، شاری لەندەن، لە بەرزبوونەوەی نرخی خانوبەرەدا، ریزبەندی 28هەمینی گرتووە.
نرخی شوقە و خانووەکان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لەماوەی نێوان مارسی 2015 تاوەكو مارسی 2016، تەنیا بە رێژەی سەدا 8 زیادیکردووە. هۆکارەکەشی بۆ ئەو باجە زۆرە دەگەڕێتەوە، کە حکومەتی بەریتانیا، لەسەر کڕینی خانوبەرە دایناوە، کە بۆ هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون، 125 هەزار پاوەند، باج سەپێنراوە.
ئەم بڕیارە لە نیسانی ساڵی رابردوو دەرچووەو هۆکاربووە بۆ کەمبوونەوەی جموجۆڵی بازاڕی خانووبەرە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.