لە ئەڵمانیا ژمارەیەک چەکدار هەڵدەکوتنە سەر بانکێک و چەند کەسێک بە بارمتە دەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار دوای هەوڵی بڕینی بانکێک لە شارۆچکەی "سینزیگ" لە رۆژئاوای وڵاتەکە، چەندین کەسیان وەک بارمتە گرتووە؛ ئێستا هێزێکی زۆری پۆلیس کە چەکی قورسیان پێیە، چواردەوری بانکەکەیان داوە.
 
رۆژی هەینی، 8ی ئایاری 2026، پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، گومان دەکرێت چەندین کەس لەنێو بانکەکە لەلایەن چەکدارەکانەوە بە بارمتە گیرابن، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی پارەش یەکێکە لەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراوە. 
 
دەیان پۆلیس بە کڵاوی ئاسنین و گولـلەنەبڕ، بە چەکی قورسەوە لە دەوروبەری بانکەکە بڵاوبوونەتەوە.
 
رووداوەکە نزیکەی کاژێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی بەرلین (کاژێر 10:00 بەکاتی هەولێر) روویداوە، کاتێک چەکدارەکان رێگرییان لە ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی پارە کردووە لە بەردەم بانکەکەدا.
 
شارۆچکەی "سینزیگ" دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری راین، لە نێوان شارەکانی بۆن و کۆبلێنزە. پۆلیسی ناوچەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هیچ مەترسییەک لەسەر ئەو کەسانە نییە کە لە دەرەوەی ناوچە گەمارۆدراوەکەدان." بەڵام ئاماژەیان بەوەش کرد، ناتوانن زانیاریی زیاتر بدەن.
 
گوتەبێژێکی پۆلیس بە گۆڤاری "دێر شپیگڵ"ی راگەیاندوە، ئەوان بە مەبەست وردەکارییەکان دەشارنەوە لەبەر "هۆکاری تاکتیکی"، چونکە ئەگەری هەیە چەکدارەکان لە ناو بانکەکەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵە ئۆنلاینەکان بکەن و لە جوڵەکانی پۆلیس ئاگادار ببنەوە.
 
ئەم رووداوە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لە ناوچەکەدا دروست کردوە، بە تایبەت کە لە کۆتایی ساڵی 2025یشدا 30 ملیۆن یۆرۆ لە بانکێکی شاری "گێڵسنکیرشن" دزرا، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم جۆرە تاوانانە.