هیچ کام لە بەربژێرە کوردەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا سەرنەکەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و پەرلەمانە خۆجێییەکانی بەریتانیا گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا دروست کرد. لە کاتێکدا پارتی ریفۆرم سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد، پارتی کاری فەرمانڕەوا تووشی شکستێکی گەورە بوو. هاوکات هیچ کام لە بەربژێرە کوردەکانیش نەگەیشتنە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان.
 
رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، پرۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی 5000 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە بەریتانیا، پێکهاتەی پەرلەمانەکانی سکۆتلەندا و وێڵز بەڕێوەچوو. بەپێی ئەنجامەکان، پارتی (ریفۆرمی بەریتانیا) بە سەرۆکایەتیی (نایجڵ فاراژ) کە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە، توانی 478 کورسی بباتەوە و ببێتە سوودمەندی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە. نایجڵ فاراژ ئەم سەرکەوتنەی وەک "وەرچەرخانێکی مێژوویی" لە سیاسەتی وڵاتەکەی ناو برد.
 
پارتی کاری فەرمانڕەوا کە تەنیا لە ئینگلتەرا 322 کورسیی لەدەستداوە، گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیە. ئەم شکستە متمانەی بە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لاواز کردووە، بە جۆرێک دەنگۆی هەوڵدان بۆ لادانی لە نێوخۆی پارتەکەیدا لەلایەن هەریەک لە ئەنجێلا راینەر، جێگری سەرۆکوەزیران و وێس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی سەریهەڵداوە.
 
بەربژێرە کوردەکان؛ بەشدارییەکی بێ دەستکەوت
 
لە چوارچێوەی ئەم رکابەرایەتییەدا، چوار بەربژێری کورد لە پارتە جیاوازەکان و لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی لەندەن خۆیان بەربژێر کردبوو، بەڵام هیچ کامیان نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.
 
بەربژێرە کوردەکان بریتی بوون لە رێباز حەمە فەتاح بۆ شارەوانیی ئیسلینگتن، رزگار عەلی بۆ شارەوانی بێتنال گرین ئیست، شاد وشیار بۆ شارەوانی وێست مینستەر و سەرباز بەرزنجی بۆ شارەوانیی لامبێس.
 
رێباز حەمە فەتاح، یەکێک لە بەربژێرەکانی پارتی پارێزگاران لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی، نە خۆی و نە هیچ کام لە بەربژێرە کوردەکانی دیکە سەرنەکەوتوون.
 
رێباز حەمە فەتاح بە پیویتستی زانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بە گشتی کار بۆ ئەوەی بکەن لۆبییەکی بەهێزیان لە بەریتانیادا هەبێ. 
 
پرسی کۆچبەران و نەخشەی نوێی سیاسی
 
نەبەز بازیانی، چاودێری سیاسی لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی بەریتانیادا دروست دەکات و دەڵێت، "پرسی پەنابەران بابەتی سەرەکی بوو، ئەمەش وایکرد پارتە دژە بیانییەکان بەهێز ببن."
 
هاوکات شێروان زرار، گوتەبێژی پێشووی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە لە بەریتانیا بوو، ئاماژەی بە ئارامیی پرۆسەکە کرد و گوتی، "ئەوەی لای من سەرنجڕاکێش بوو ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکان نوێنەریان لە بنکەکانی دەنگدان نییە و تەنیا کۆمیسیۆن سەرپەرشتی هەموو شتێک دەکات."