بە دەستپێشخەریی ترەمپ؛ ئاگربەستی سێ رۆژە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا راگەیێندرا


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی سێ رۆژەی بۆ راگرتنی شەڕ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا راگەیاند. رێککەوتنەکە کە لەسەر داوای راستەوخۆی ترەمپ بووە، ئاڵوگۆڕی دوو هەزار زیندانیی هەردوولا لەخۆدەگرێ و سەرۆکی ئەمریکا هیوادارە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
 
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی: "خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە ئاگربەستێکی سێ رۆژە (9، 10 و 11ـی ئایار) لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەبێت."
 
ئەم ئاگربەستە هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی "رۆژی سەرکەوتن" (9ـی ئایار) کە ساڵڕۆژی سەرکەوتنی رووسیایە بەسەر نازییەکاندا. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یادە بۆ هەردوو وڵات گرنگە، چونکە ئۆکراینییەکانیش فاکتەرێکی سەرەکیی ئەو سەرکەوتنە بوون.
 
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینای کرد بۆ قبووڵکردنی داواکارییەکەی و گوتی: "بەو هیوایەی ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە زۆر درێژخایەن، کوشندە و سەختە."
 
ئاڵوگۆڕی زیندانییان
 
بەشێکی سەرەکیی رێککەوتنەکە بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی هەزار زیندانی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، کە کۆی گشتی دەبێتە دوو هەزار زیندانی. 
 
ترەمپ گوتی، گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە گەورەترین جەنگی ئەورووپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەردەوامن و "رۆژ بە رۆژ لێی نزیکتر دەبینەوە."
 
شەڕ لە دوا ساتەکانی پێش ئاگربەست
 
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستەکە، رۆژی هەینی بەر لە دەستپێکردنی وادەی راگرتنی شەڕ، هەردوولا هێرشی تووندیان کردە سەر یەکدی. 
 
ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا 67 درۆنی ئاراستە کردوون، لە بەرامبەریشدا رووسیا دەڵێت زیاتر لە 400 درۆنی ئۆکراینیای تێکشکاندووە کە 100 دانەیان مەبەستیان بووە مۆسکۆ بکەنە ئامانج.
 
پێشتر ئۆکراینا گومانی لە ئاگربەستە یەک لایەنەکانی رووسیا هەبوو و وەک "پڕوپاگەندە" ناوی دەبرد، بەڵام ئەمجارە بەهۆی دەستوەردانی راستەوخۆی ترەمپ، هەردوولا رەزامەندییان نیشانداوە.
 
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە لە چوار ساڵی رابردوودا سەتان هەزار سەرباز و هاووڵاتی سڤیل لەو جەنگەدا کوژراون و هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێرانیش سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.