هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی بەریتانیا؛ پارتی کار 1200 کورسی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دوای شکستی پارتەکەی (پارتی کار) لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و پەرلەمانە خۆجێییەکانی بەریتانیادا رایگەیاند، دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت. پارتی کار لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 1200 کورسی و دەیان ئەنجوومەنی لەدەستداوە و پارتی ریفۆرمیش سەرکەوتنی مێژوویی تۆمارکرد.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، کییەر ستامەر لە وەڵامی ئەو دەنگانەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێدەکەن، گوتی: "وازناهێنم و وڵات ناخەمە نێو پشێوییەوە. ئەنجامەکان زۆر سەختن و هیچ پەردەپۆشکردنێکی ناوێ ئەمە ئازاربەخشە و بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرم."
شکستی پارتی کار و سەرکەوتنی پارتی ریفۆرم
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە لە کۆی 136 ئەنجوومەنی شارەوانی، 117 ئەنجوومەنیان راگەیێندراون، تاوەکو ئێستا پارتی کار نزیکەی 1,200 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی و زۆرینەی رەهای لە 27 ئەنجوومەنی شارەوانی لەدەستداوە.
پارتی ریفۆرم بە سەرۆکایەتی نایجل فاراژ زیاتر لە 1,300 ئەندامی نوێی بۆ شارەوانییەکان سەرخستووە و زۆرینەی رەهای 13 ئەنجوومەنی شارەوانی بەدەستهێناوە.
هەرچی پارتی سەوزە توانیویەتی 413 کورسی بباتەوە و کۆنترۆڵی چەند ئەنجوومەنێک بکات.
نایجڵ فاراژ، سەرۆکی پارتی ریفۆرم، ئەم ئەنجامەی بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی لە سیاسەتی بەریتانیا" ناوبرد و پێشبینی کرد ستامەر لە چەند مانگی داهاتوودا لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
ئەنجامە مێژووییەکە لە وەیڵز و سکۆتلەندا
دوای 27 ساڵ لە باڵادەستیی بێ رکابەر، قەڵای پارتی کار لە وەیڵز رووخا. پارتی نەتەوەیی پلاید کەمری بە 43 کورسی بووە هێزی یەکەم و پارتی ریفۆرمیش بە 34 کورسی پلەی دووەمی گرت، لە کاتێکدا پارتی کار بە بەدەستهێنانی تەنیا 9 کورسی بۆ پلەی سێیەم پاشەکشەی کرد، کە ئەمە بە گەورەترین شکستی مێژوویی ئەو پارتە لە وەیڵز دادەندرێ.
لە سکۆتلەنداش، پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندی (SNP) پێگەی خۆی پاراست. لە کۆی 129 کورسی، تاوەکو ئێستا ئەنجامی 91 کورسی راگەیێندراوە و تێیدا SNP توانیویەتی 55 کورسی بباتەوە و بە رێژەی 38٪ دەنگەکان لە پلەی یەکەم دێت.