قاعیدەی یەمەن هەڕەشە لە ئەمریکا و سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی یەمەنی رێکخراوی قاعیدە هەڕەشە لە دۆناڵد ترەمپ، ئیلۆن مەسک و بەشێک لە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات. ئەوەش یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی ئەو سەرکردەیەی قاعیدەیە لەو کاتەوەی پۆستەکەی وەرگرتووە.  
 
پەیامە ڤیدیۆییە نیو کاژێرییەکەی سەعد عاتف عەولەقی لە ئینتەرنێت بڵاوبووەتەوە. عەولەقی داوا لە چەکدارانی هاوسۆزی رێکخراوە پەڕگیرەکەی دەکات کە هەوڵی بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی میسر، ئوردن و وڵاتانی کەنداویش بدەن، ئەوەش وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی هەڵوێستیان لە بەرامبەر جەنگی غەززە.
 
گوتارەکەی عەولەقی وێنەی دۆناڵد ترەمپ؛ ئیلۆن مەسک؛ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسس، وەزیری بەرگری تێدایە. ڤیدیۆکە وێنەی لۆگۆی کارەکانی مەسکیشی لەخۆگرتووە، لەنێویاندا کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا.
 
عەولەقی دەڵێت: "هیچ هێڵێکی سوور نییە دوای ئەوەی کە روویدا و روودەدات بەرامبەر گەلەکەمان لە غەززە. مامەڵەی هاوشێوە رەوایە."
 
هەرچەندە وا دادەنرێت لقی یەمەنی قاعیدە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی شەڕی نێوخۆیی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە لاواز بووە، بەڵام هێشتاش بە مەترسیدارترین لقی رێکخراوە پەڕگیرەکە دادەنرێ لەدوای کوشتنی ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەری قاعیدە لە ساڵی 2011 لەلایەن هێزی دەریایی تایبەتی ئەمریکاوە.
 
لە ساڵی 2022ـش هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئەیمەن زەواهیری، جێگرەوەی بن لادنی کوشت. 
 
ئەمریکا بڕی 6 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کردووە بۆ کوشتنی عەولەقی یان هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی. واشنتن دەڵێت، ئەو بەرپرسەی قاعیدە "بە ئاشکرا داوای هێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی دەکات." 
 
عەولەقی شوێنی خالید بەتەرفی گرتەوە، کە ساڵی 2024 مردنی لەلایەن گرووپەکەوە راگەیێندرا.