بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیای هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەکی بەهێز و لە قووڵاییەکی کەمدا بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر، بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیای هەژاند.
رۆژی یەکشەممە 08-06-2025 دەزگەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 9:00 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی [5:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر] و لە نزیک شاری پاراتێبوینۆ لە نێوەڕاستی کۆڵۆمبیا روویداوە، کە نزیکەی 170 کیلۆمەتر (105 میل) لە رۆژهەڵاتی بۆگۆتاوە دوورە.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە چەند باڵەخانەیەک لەرزینەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری پایتەخت لێدرا و خەڵک رژانە سەر شەقامەکان. هاوکات بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی لەرزینەوەی گڵۆپ و کەلوپەلی ماڵەکانیان بڵاوکردەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووان بە جلی نووستنەوە لە پارک و شوێنە گشتییەکان کۆبوونەوە، لە کاتێکدا دایکان و باوکان هەوڵی هێورکردنەوەی منداڵە ترساوەکانیان دەدا و هەندێکی دیکەش بەدوای ئاژەڵە ماڵییە هەڵاتووەکانیاندا دەگەڕان.
ژنێکی بەتەمەن لە بۆگۆتا کە هەوڵی دەدا لە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەیەک بێتە خوارەوە، گوتی: "زۆر بەهێز بوو."
نێوەڕاستی کۆڵۆمبیا دەکەوێتە سەر هێڵێکی بوومەلەرزەیی چالاک. لە ساڵی 1999، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.2 پلە لەو ناوچەیە روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی هەزار و 200 کەس.