چین رێگە بە گەشتیارانی 74 وڵات دەدات بێ ڤیزە سەردانی وڵاتەکە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
چوونی گەشتیارانی بیانی بۆ چین، وردە وردە لە گەشەکردندایە. ئێستا رێگە بە هاووڵاتییانی 74 وڵات دەدرێت بێ ڤیزە گەشت بکەن بۆ چین و 30 رۆژ لەوێ بمێننەوە. ئەمەش بازدانێکی گەورەیە لە ئاسانکردنی رێکارەکانی گەشتکردن.
جۆرجی شاڤادز، گەشتیاری جۆرجییە و دەڵێت، "ئەمە یارمەتیی خەڵک دەدات گەشت بکەن، چونکە بەدەستهێنانی ڤیزە زۆر ئاڵۆزە. هەر جارێک داوای ڤیزە بکەی، بە پڕۆسەیەکی دوور و درێژدا دەڕۆی."
لە دوای کەمبوونەوەی گەشتیاری بیانی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، چین پشتی بە گەشتیاری نێوخۆ دەبەست، بەڵام ئەو برینەی پەتای کۆرۆنا لە کەرتی گەشتیاری چیندا کردییەوە، هێشتا ساڕێژ نەبووە.
ساڵی 2018، پێش ئەوەی بەهۆی کۆرۆنا فڕۆکەخانە، دەروازە و بەندەرەکان تووشی داخران بن، داهاتی کەرتەکە ترلیۆنێک و 470 ملیار دۆلار بوو.
پار، داهاتەکەی 790 ملیار دۆلار بوو. واتە هێشتا 680 ملیار دۆلاری ماوە بگاتەوە بە ئاستی پێش پەتاکە.
ئێستا کە لابردنی مەرجی ڤیزە لە 38 وڵاتەوە بۆ 74 وڵات زیاد کراوە، کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاری خۆیان بۆ لێشاوی گەورەی گەشتیارانی بیانی ئامادە دەکەن کە لە پشووی هاوینەدا سەردانی چین دەکەن.
گایۆ جون، رێبەری گەشتیارییە و باس لەوە دەکات، "ئێستا ئەوانەی داوای گەشتم لێ دەکەن، هێندە زۆرن، پێیان راناگەم. ژمارەیەکی زۆر داواکاریم پێگەیشتووە. ناچاربووم بیانێرمە لای رێبەرەکانی دیکەی گەشتیاری."
ئاژانسی گەشتیاریی تریپ دۆت کۆم، کە بارەگای لە شەنگهایە، ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوەی سیاسەتی لابردنی مەرجی ڤیزە جێبەجێ دەکرێت، کەرتی گەشتیاری، گەشەی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەراورد بە پار، کڕینی تیکتی فڕۆکە و گرتنی هۆتێل لە رێگەی ئاژانسەکەیانەوە، دوو هێندە زیادیکردووە و 75٪ـی لە لایەن گەشتیارانی بێ ڤیزەوە بووە.