OpenAI وەشانی ChatGPT-5 رادەگەیێنێت؛ 'لە ئاستی دکتۆرا دایە'
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، وەشانی پێنجەمی چات جی پی تی، بەهێزترین بەرنامەی ژیریی دەستکردی خۆی، بڵاوکردەوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، ChatGPT-5 پێشکەوتنی "بەرچاوی" تێدایە، لە کاتێکدا کێبڕکێی جیهانی لەسەر تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەهێزتر دەبێت.
لە رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئابەوە، ChatGPT-5 بۆ هەموو بەکارهێنەرانی بەرنامەکە بێبەرامبەر بەردەستە.
OpenAI رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هەفتانە 700 ملیۆن کەس ChatGPT بەکاردێنن.
سام ئاڵتمان، کە هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا ئەمریکییەکەیە، پەسنی بەرنامەکەی کرد و گوتی، "روونە کە بە گشتی زیرەکە."
ئاڵتمان هۆشداریشی دا کە هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ ئەوەی ژیرییەکی دەستکرد دروست بکەن، کە بە گشتی لە رووی بیرکردنەوە و دنیابینییەوە، وەک مرۆڤ بیربکاتەوە."
شارەزایانی بوارەکە موژدەی هاتنی سەردەمێکی ژیریی دەستکرد دەدەن کە تێیدا کۆمپیوتەر و ئامێری زۆر زیرەک سەرلەبەری شێوازی کارکردن و ژیانی مرۆڤ دەگۆڕن.
مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام، بەم دواییانە لە بڵاوکراوەیەکدا نووسی: "لە کاتێکدا گەشەی ژیریی دەستکرد خێرا دەبێت، پەرەسەندنی ژیریی دەرئاسا لە ئاسۆدا بەدیار دەکەوێت. بڕوام وایە ئەوە سەرەتای چەرخێکی نوێ دەبێت بۆ مرۆڤایەتی."
بەڵام ئاڵتمان باس لەوە دەکات تاوەکو مرۆڤ گرنگی بە ژیریی دەستکردی گشتی بدات، واتە ئەو ژیرییە دەستکردەی درک بە شتەکان دەکات، خۆکارانە فێر دەبێت و زۆر پێویستی بە رێنماییەکانی مرۆڤ نییە، پێویستی بە کاری زۆر گەورەتر دەبێت.
کۆمپانیا رکابەرەکانی دیکەی وەک ئەمازۆن، گووگڵ، مێتا، مایکرۆسۆفت و ئێکس ئەی ئایەکەی ئیلۆن مەسک، ملیاران دۆلاریان بۆ بەهێزکردنی ژیریی دەستکرد تەرخان کردووە، لەو کاتەوەی کۆمپانیای OpenAI لە کۆتایی ساڵی 2022 بە وەشانی ChatGPT شۆڕشی تەکنەلۆژیای نوێی بەرپاکرد.