ترەمپ: بەبێ ئامادەبوونی زیلینسکی لەگەڵ پووتین کۆدەبمەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی رووسیا ئامادە نەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرایناش کۆببێتەوە، ئەو هەر ئامادەیە لەسەر پرسی ئۆکراینا گفتوگۆی لەگەڵ بکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی  لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین قسەی کرد. 
 
ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ترەمپ بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا دایناوە، لە ئەگەری نەگەیشتنی بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا.
 
بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە ئایا ئەو مۆڵەتە هێشتا کاری پێدەکرێت، ترەمپ وەڵامێکی روونی نەدایەوە و گوتی: "ئەوە پەیوەستە بە (پووتین)ـەوە، دەبینین بزانین چی هەیە بۆ گوتن."
 
لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمدا، ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکراینا بهێنێت. 
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیارە پووتین لە "رۆژانی داهاتوودا" بەشداری لە لوتکەیەکدا لەگەڵ ترەمپ بکات.
 
هەرچی ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینایە سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت لە هەر گفتوگۆیەکی تایبەت بە وڵاتەکەی بەشدار بێت. 
 
کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا پێویستە پووتین پێش لوتکەکە لەگەڵ زیلینسکی کۆببێتەوە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "نەخێر، پێویست ناکات."
 
هەفتەی داهاتوو؟
 
کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پووتین یەکەم کۆبوونەوە دەبێت لەنێوان سەرۆکانی ئەمریکا و رووسیا لەدوای کۆبوونەوەی جۆ بایدن و پوتین لە جنێڤ لە حوزەیرانی 2021.
 
سێ خولی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ ئاگربەستی لێنەکەوتەوە.
 
ترەمپ و پوتین دواجار لە ساڵی 2019 لە کۆبوونەوەی لوتکەی G20 لە ژاپۆن لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا پێکەوە کۆبوونەوە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵیشەوە چەندین جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری کرێملین رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو وەک وادەیەکی ئامانجدار دیاریکراوە،" و ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا "لە بنەڕەتدا" لەسەر شوێنی کۆبوونەوەکە رێککەوتوون، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت.
 
بەڵام، واشنتن دواتر رەتیکردەوە کە هیچ شوێن و کاتێک دیاری کرابێت.
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لە مۆسکۆ لەگەڵ پووتین کۆبووەوە.
 
ویتکۆف پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ زیلینسکی کرد، بەڵام وا دەرکەوت پووتین دانوستاندنی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردەی ئۆکراینا رەتکردبێتەوە.
 
پوتین بە رۆژنامەنووسانی گوت، "دەبێت هەلومەرجی دیاریکراو بۆ ئەمە بڕەخسێنرێت. بەداخەوە، هێشتا زۆر دوورین لە رەخساندنی هەلومەرجێکی لەو شێوەیە."
 
پووتین کە زیاتر لە 25 ساڵە فەرمانڕەوایی رووسیا دەکات، لە مانگی حوزەیراندا گوتبووی ئامادەیە لەگەڵ زیلینسکی کۆببێتەوە، بەڵام تەنیا لە "قۆناخی کۆتایی" دانوستاندنەکان.
 
زیلینسکی لە گوتاری ئێوارەی ئاسایی خۆیدا رۆژی پێنجشەممە گوتی، "دادپەروەری ئەوەیە کە ئۆکراینا لە گفتوگۆکان بەشدار بێت."