لە چین بەهۆی لافاوەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی چین بڵاویکردەوە، بەهۆی لافاوەوە لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 33ی دیکەش بێسەروشووێن بوون.
رۆژی هەینی، 8ی ئابی 2025، میدیای فەرمی چین بڵاویکردەوە، لە هەرێمی گانسو "لە 7ی ئابەوە، بەهۆی بەردەوامی بارانەوە لافاو دروستبووە و بەو هۆیەوە تاوەکو کاژێر 3:30ی دوانیوەڕۆ (بەکاتی چین و 10:30ی بەیانی بەکاتی هەولێر) 10 کەس گیانیان لەدەست دا و 33ی دیکەش بێسەروشووێن بوون".
میدیای فەرمی چین ئاماژەی بەوەش کردووە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە دامەزراوەکانی وڵاتەکەی کردووە هەموو رێکارێک بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان و هاوکاریکردنی خەڵک بگرنەبەر.
بەگوێرەی حکومەتی ناوخۆیی ناوچەکە، لافاو بووەتە هۆی داخستنی بەشێکی رێگەکان و ژمارەیەکیان بەهۆی بەربوونەوەی بەرد لە شاخەکانەوە گیراون.
کارەساتە سروشتییەکان لە چیندا باون بەتایبەت لە وەرزی هاویندا لە بەشێکی ناوچەکان بارانی بەخوڕ دەبارێت. مانگی رابردوو، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە لە باکووری پەکین 44 کەس گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاژانسی کۆپەرنیکۆس، 90%ی گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی دەردانی گازە گەرمکەرەکانە و ئەمەش ئەگەری بارانی بەخوڕ یان وشکەساڵی زیاد دەکات. ئێستا چین بە گەورەترین دەردەری ئەو گازانە دادەنرێت.