بەهۆی بڕیارێکی ئەڵمانیاوە زیاتر لە 5 ملیۆن کەس لە جیهاندا لە هاوکارییە مرۆییەکان بێبەش دەبن
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی دیاکۆنی ئەڵمانی بۆ فریاگوزاریی قەیرانەکان رەخنەی لە بڕیاری حکومەتی فیدراڵیی وڵاتەکەی گرت بۆ کەمکردنەوەی بودجەی هاوکارییە مرۆییەکان و رایگەیاند، بەهۆی بڕیارەکەوە لە جیهاندا هاوکاری بۆ زیاتر لە 5 ملیۆن کەس دەبڕدرێت.
حکومەتی نوێی ئەڵمانیا لە بودجەی ساڵی داهاتوودا، کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی بە رێژەی 53% راگەیاندووە.
داگمار پروین، سەرۆکی رێکخراوی دیاکۆنی ئەڵمانی بۆ فریاگوزاریی قەیرانەکان، رەخنەی لە کەمکردنەوەکانی حکومەت بۆ هاوکارییە مرۆییەکان گرت و گوتی، "پلانی کەمکردنەوەی بودجەی هاوکاریی مرۆیی بەو رێژەیە هەنگاوێکی مەترسیدارە، بەهۆیەوە پێدەچێت نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە هاوکارییە مرۆییەکان بێبەش بن."
بەگوێرەی رێکخراوی دیاکۆنی ئەڵمانی بۆ فریاگوزاریی قەیرانەکان، پار بۆ 89 پڕۆژە لە 37 وڵاتدا بڕی 79 ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆیان خەرجکردووە.
ریم ئەلئەبالی - رادۆڤان، وەزیری هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا، کەمکردنەوەکەی بە "بێ ئازار" ناوبرد و رایگەیاند، لە داهاتوودا 10.3 ملیار یۆرۆ لە پڕۆژەکانی گەشەپێداندا خەرج دەکەن.
بەگوێرەی رێکخراوی دیاکۆنی، لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە 300 ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لەنێویاندا لە سوودان 25 ملیۆن کەس و لە غەززە دوو ملیۆن کەس، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو دوای نەمانی هاوکارییەکانی ئەمریکا، بودجەی دابەزیوە بۆ 45 ملیار یۆرۆ و بۆ ساڵی داهاتوو کەمتر دەبێتەوە بۆ 29 ملیار.
بەگوێرەی رێکخراوە مرۆییەکەی ئەڵمانیا، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، کارکردن بۆ رێکخراوەکان باشتر بووە و زیاتر لە 16 ملیۆن کەسیش لەو وڵاتە پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.