لە ئەڵمانیا کەسێک بەتۆمەتی کوشتنی داپیرە 100 ساڵانەکەی بە تەور، دادگایی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شاری هامبۆرگ پیاوێکیان دادگەیی کردووە کە خزمەتکردنی داپیرەی خۆی بە زەحمەت زانیوە و بە تەور کوشتوویەتی. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2023، داواکاری گشتی ئەڵمانیا لە راگەیێنداوێکدا گوتی: "رووداوەکە لە 6ـی ئاداری ئەمساڵ روویداوە. تۆمەتبارەکە تەمەنی 37 ساڵە و بە رەچەڵەک ئیستۆنییە و خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانیایە".
 
بەگوتەی داواکاری گشتی، "تۆمەتبارەکە بەردەوام خەریکی چاودێریکردنی داپیرەی بووە، بەڵام چاودێرییەکەی بە زەحمەت زانیوە و 16 تەوری لە سەر و ملی داپیری داوە و کوشتوویەتی".
 
دوای رووداوەکەش، تۆمەتبارەکە پەیوەندی بە پۆلیس کردووە و پێی راگەیاندوون کە داپیرەی خۆی کوشتووە و دوای گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی رووداوەکەش، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
 
پارێزەری تۆمەتبارەکە بە داواکاری گشتی راگەیاندووە کە تۆمەتبارەکە نەخۆشی دەروونی هەبووە، بەڵام تۆمەتبارەکە تاوەکو ئێستا پشکنینی بۆ نەکراوە بۆ ئەوەی روونببێتەوە کە نەخۆشی دەروونی هەبوووە یاخود نا. 
 
داواکاری گشتی ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا پاڵنەری پشت رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام یەکێک لە دراوسێکانی ژنە تەمەن 100 ساڵەکە لە کاتی رووداوەکە بە پۆلیسی گوتووە: "پێش کوژرانی، ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئیمیلی [ژنە کوژراوەکە] هەبوو؛ ئیمیلی پێی گوتم کە نەوەکەی جارێک لە باڵکۆنی ماڵەکەی هاتووەتە ژوورەوە و ویستوویەتی پارەکانی بدزێت".