ئایفۆن 17 رادەگەیێنرێت، تایبەتمەندییەکانی چین و نرخی چەندە؟

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئەپڵ لە 9ـی ئەیلوولی 2025 لە کۆنفڕانسێکدا مۆدێلە چاوەڕوانکراوەکانی iPhone 17 نمایش دەکات. پێشبینی دەکرێت چوار مۆدێل نمایش بکرێت، بەڵام نرخەکەی 100 دۆلار بەراورد بە 2024 گرانتر دەبێت.
 
کۆنفڕانسەکە بە ناوی "Awe Dropping" و کاژێر 8:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەستپێدەکات و بە شێوەی راستەوخۆ بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان، لە یوتیوبی ئەپڵ پەخش دەکرێت.
 
لەگەڵ ئایفۆنە نوێیەکاندا، پێشبینی دەکرێت ئەپڵ کاتژمێری Apple Watch Ultra 3 و نەوەی سێیەمی بیستۆکی AirPods Pro نمایش بکات.
 
داواکردنی پێشوەختە لە 12ـی ئەیلوول دەست پێدەکات و ئامێرەکان لە 19 یان 20ـی ئەیلوول دەگەنە فرۆشگەکان. تایبەتمەندییە نوێیەکان بریتین لە چیپی خێراتر، دیزاینی سەرنجڕاکێشتر و کامێرای باشتر، هەرچەندە زیادبوونی نرخەکە مشتومڕی دروست کردووە کە ئایا نوێترین ئایفۆنەکانی ئەپڵ شایەنی ئەو نرخەن یان نا.
 
چوار مۆدێلی iPhone 17 
 
پێکهاتەی ئەم ساڵ چوار وەشانی iPhone 17 لەخۆدەگرێت (ئەوانیش: ئایفۆن 17، ئایفۆن 17 ئێیەر، ئایفۆن 17 پرۆ و ئایفۆن 17 پرۆماکس) .
 
دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە Air زۆر تەنک دەبێت، لەوانەیە سیمی فیزیکی بە تەواوی لاببرێت، بەمەش تەنیا بە eSIM کار دەکات.
 
iPhone 17 Pro و Pro Max وەک مۆدێلە بەرزەکان دەمێننەوە، کە پێشکەوتووترین تایبەتمەندییەکانی ئەپڵ لەخۆدەگرن، لە کاتێکدا Air ئاماژەیە بۆ هەوڵی کۆمپانیاکە بۆ فراوانکردنی بەرهەمەکانی بە بژاردەی تەنکتر لەگەڵ مۆدێلە بەهێزەکانی Pro.
 
کاتى بڵاوبوونەوە
 
پێشبینی دەکرێت داواکردنی پێشوەختە بۆ زنجیرەی ئایفۆن 17 لە رۆژی هەینی 12ـی ئەیلوول دەستپێبکات. بەردەستبوونی لە فرۆشگەکان هەفتەیەک دواتر دەستپێدەکات، لە رۆژی هەینی 19 یان شەممە 20ـی ئەیلوول، ئەمەش بە پشتبەستن بە ناوچەکە.
 
نرخی ئایفۆنەکان
 
ئایفۆن 17 نرخی بەرزتر دەبێت. مۆدێلی بنەڕەتی لە 799 دۆلار دەمێنێتەوە، بەڵام مۆدێلەکانی دیکە گرانتر دەبن. پێشبینی دەکرێت ئایفۆن 17 ئێیەر لە هەزار و 99 دۆلار دەستپێبکات، ئایفۆن 17 پرۆ هەزار و 199 دۆلار و ئایفۆن 17 پرۆماکس هەزار و 299 دۆلار. بۆ زۆربەی مۆدێلەکان ئەمە 100 دۆلار لە نرخی زنجیرەی ئایفۆن 16 زیاترە. بەڵام مەرج نییە لە هەرێمی کوردستان هەمان ئەو نرخە بێت.
 
تایبەتمەندی
 
ئایفۆن 17 چیپی A18ـی لەسەر دەبێت و رامەکەی 8 گێگا بایت دەبێت. مۆدێلەکانی پرۆ و پرۆ ماکس، چیپی A19 و A19 پرۆیان لەسەر دەبێت و رامەکەیان 12 گێگا دەبێت.
 
هەموو مۆدێلەکان روونمای 120 هێرتز OLEDـیان لەسەر دەبێت و پەیکەرەکەیان تیتانیۆم دەبێت، ئەپڵ بۆ زووتر ساردبوونەوەی مۆبایلەکە دوای گەرمبوونی، کاری باشتری کردووە.
 
ئایفۆن 17 پرۆماکس لێنزێکی تەلەفۆتۆی 48 مێگا پیکسڵی لەسەر دەبێت و هەموو مۆدێلەکان کامێرای پێشەوەیان 24 مێگاپیکسڵ دەبێت.