سوودانی بۆ سکرتێری گشتیی ناتۆ: عێراق هەموو ئاڵنگارییەکانی تێپەڕاندووە

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی رێکخراوی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کۆبووەوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نێردەی ناتۆ لە عێراق تاوتوێ کراون.
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە رایگەیاندووە، لە دیدارەکەدا سوودانی "سوپاسی بانگهێشتەکەی مارک رووتەی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "عێراق هەموو ئاڵنگارییەکانی تێپەڕاندووە و ئەمڕۆ کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە."
 
سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی لە عێراق خاڵی بەهێزی وڵاتەکەیە."، داواشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، رۆڵی خۆی بگێڕێت "بۆ راگرتنی شەڕ لە ناوچەکە و ئەو پێشێلکارییە گەورانەی لە غەززە ئەنجام دەدرێن."
 
بە گوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "مارک رووتە پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی عێراق لە چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە دەربڕی و ستایشی گۆڕانکارییە گرنگەکانی لە بەڕێوەبردنی هەموو دۆسیەکاندا لە سەردەمی حکومەتی ئێستا کرد."
 
نووسینگەکە دەشڵێت، سکرتێری گشتیی ناتۆ، سوپاسی پشتیوانییەکانی حکومەتی عێراقی کردووە بۆ نێردەی ناتۆ لەو وڵاتەدا.

 

 
بەیانیی رۆژی دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی بەرەو برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێکەوت.
 
بە گوێرەی ئەو نووسینگەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنجوومەنی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گوتارێک پێشکێش دەکات.