تسوورکۆڤ: ئەوانەی دەستبەسەریان کردبووم زۆر دڵخۆش بوون بە هێرشەکەی حەماس

رووداو دیجیتاڵ
 
ئیلیزابێس تسوورکۆڤ، توێژەری ئیسرائیلی - رووسی کە بۆ ماوەی 903 رۆژ لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییەوە بە بارمتە گیرابوو، بۆ یەکەم جار وردەکارییەکانی ژیانی دەستبەسەریی خۆی لە رۆژی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئاشکرا کرد و گوتی، لەو رۆژەدا ئەو کەسانەی دەستبەسەریان کردبوو، زۆر دڵخۆش بوون و دەنگی تەلەڤزیۆنەکەیان بەرز کردەوە تاوەکو ئەویش گوێبیستی بێت.
 
تسوورکۆڤ، کە خوێندکاری دکتۆرا بوو لە زانکۆی پرینستنی ئەمریکا و لە ئاداری ساڵی 2023 لە بەغدا دیار نەمابوو، لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە کە لەکاتی تەماشاکردنی هەواڵی هێرشەکەدا، ئەوانەی دەستبەسەریان کردبوو "زۆر دڵخۆش بوون."
 
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوە کردووە: "لەو رۆژەدا، دوو ساڵ لەمەوبەر، لە دووەم زیندانمدا لە کەمپی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستبەسەر کرابووم. پاسەوانەکانی کەتائیب دەنگی تەلەڤزیۆنەکەیان بەرز کردەوە تاوەکو منیش بتوانم گوێبیستی هەواڵی هێرشەکە بم."
 
بە گوتەی تسوورکۆڤ، لەو هەواڵانەی لە کەناڵەکانی لایەنگری ئێرانەوە بیستوونی، وا هەستی کردووە ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا بنکە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج، چونکە میدیاکان زیاتر باسی سەربازەکان و "زیندانیان"یان دەکرد نەک بارمتەکان. بەگوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا نزیکەی 1,200 کەس کوژران و 251 کەس بە بارمتە گیران.
 
تسوورکۆڤ لە درێژەی پەیامەکەیدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، هاوسۆزیی خۆی بۆ خەڵکی غەززە و بارمتە بریندار و برسییەکان دەربڕی و نووسیویەتی: "خودا ئاسانکاری بۆ خەڵکی غەززە و بارمتە برسی، بریندارەکان بکات. سەرجەمیان باجێکی قورس دەدەن بۆ بڕیارەکانی ئەو سەرکردانەی گرنگی بە مانەوەیان لە دەسەڵات دەدەن و بێباکن لە چارەنووسیان."
 
ناوبراو دەشڵێت، زانیویەتی کارەساتێک بەسەر غەززەدا دێت، هەرچەندە نەیتوانیوە "قەبارەی پێشێلکارییەکان وێنا بکات." هەروەها رایگەیاندووە کە لە داهاتوودا زیاتر لەبارەی ئەزموونی دەستبەسەرییەکەی، لەوانە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە گرووپەکەی دەستبەسەریان کردبوو بڵاوی دەکاتەوە.
 
جێگەی سەرنجە، تسوورکۆڤ دوای ئازادبوونی سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و چەند ئەندامێکی دیکەی ئیدارەکەی کرد کە بەشدار بوون لە پرۆسەی ئازادکردنی، بەڵام تائێستا سوپاسی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی نەکردووە.