فەرەنسا پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا پێشوازیی لە رێککەوتنی ئاگربەستی گشتگیر کرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم لە دیمەشق لەنێوان دەسەڵاتدارانی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە دا کرا. پاریس ئەمەی بە "هەنگاوێکی بەرچاو لە کەمکردنەوەی گرژی و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل" وەسف کرد.
رۆژی چوارشەممە 08-10-2025 وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: "لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت دیالۆگ بەردەوام بێت بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بە هەموو رەهەندەکانییەوە. ئەم رێککەوتنە بۆ سەقامگیریی سووریا خاڵێکی بنەڕەتییە."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "فەرەنسا، شانبەشانی هاوبەشەکانی، بە تەواوی ئامادەی بەشداریکردنی ئەم رێککەوتنەیە."
رێککەوتنە زارەکییەکە دوای گرژی و پێکدادانەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دێت. شەوی دووشەممە 06ـی تشرینی یەکەم، هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا رێگەی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیان داخست، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێکی سڤیل و برینداربوونی 50 کەسی دیکە.
دوای ئەم گرژییانە، رۆژی سێشەممە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنی زارەکی لەسەر چوار خاڵی سەرەکی کراوە:
- ئاگربەستی دەستبەجێ و سەرتاسەری: لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب.
- یەکخستنی هێزە سەربازییەکان: یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ دروستکردنی "سوپایەکی رێکخراو و کارا."
- هەموارکردنەوەی دەستوور: بە شێوەیەک کە نوێنەرایەتیی هەموو دانیشتووانەکەی بکات.
- گەڕانەوەی ئاوارەکان و شەڕی دژی تیرۆر.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سوپاسی فەرەنسا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکای کرد بۆ "پشتیوانییە بنەڕەتییەکەیان لەم دیالۆگەدا."