نێردەکەی ترەمپ و کوشنەر گەیشتنە میسر؛ گەشبینی بۆ رێککەوتنی ئاشتیی غەززە زیاد دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرپرسانی دیکەی باڵا، رۆژی چوارشەممە لە میسر بەشدارییان لە سێیەم رۆژی گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کرد. ئەمەش وەک نیشانەیەک سەیر دەکرێت کە دانوستاندنکاران دەیانەوێت بە قووڵی بچنە نێو پرسە هەرە سەختەکانی پلانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دۆناڵد ترەمپ و جارید کوشنەری زاوای، رۆژی چوارشەممە گەیشتنە شەرم شێخ. هەروەها شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و رۆن دێرمەر، راوێژکاری باڵای بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش گەیشتنە ئەوێ.
کەناڵی قاهیرە نیوزی میسری دیمەنی گەیشتنی ویتکۆف، کوشنەر و خەلیل حەییە، گەورە دانوستاندنکاری حەماسی بۆ گفتوگۆکان نیشاندا.
گەشبینی و بەربەستەکان
هەموو لایەنەکان گەشبینییان بۆ رێککەوتنێک دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە دوو ساڵییەکە، بەڵام بەشە سەرەکییەکانی پلانەکە هێشتا رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە، لەنێویاندا داواکاریی چەککردنی حەماس، کات و سنووری کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و دروستکردنی دەستەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە دوای کشانەوەی حەماس.
حەماس رایگەیاندووە، چاوی لەوەیە ترەمپ گەرەنتییەکی کۆنکریتی پێبدات کە دوای ئەوەی گرووپەکە هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات، ئیسرائیل دەست بە هەڵمەتەکەی ناکاتەوە.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا "زۆر هاندەر" بوون.
نەتەنیاهوو پلانی ترەمپی قبووڵ کردووە. نووسینگەکەی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل "بە وریاییەوە گەشبینە" و گفتوگۆکانی وەک گفتوگۆی تەکنیکی لەسەر پلانێک وەسف کرد کە هەردوولا پێشتر پەسەندیان کردووە.
داواکارییەکانی حەماس
حەماس رۆژی سێشەممە لە راگەیێنراوێکدا داواکارییەکانی خۆی بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام و کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لە غەززە دووپاتکردەوە، بەڵام هیچ شتێکی لەبارەی چەکدانانەوە نەگوت، کە هەنگاوێکە ماوەیەکی زۆرە رەتیدەکاتەوە.
حەماس هەروەها دژایەتیی بیرۆکەی حوکمڕانیی نێودەوڵەتیشی کردووە، هەرچەندە رازی بووە کە هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەی دوای جەنگدا نەبێت.
لە کەرتی غەززە، کە بەشێکی زۆری وێران بووە، فەلەستینییەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پێشکەوتنێکن. هەزاران کەس کە لە هێرشە زەوینییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە باکووری غەززە و شاری غەززە هەڵاتوون، خیوەتی کاتییان لە کەنار دەریا لە بەشی نێوەڕاستی کەرتەکەدا هەڵداوە.