لە بەرازیل زریانێک 406 قوربانیی لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ویلایەتی پارانای باشووری بەرازیل رایانگەیاند، بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە، کە شەوی هەینی ناوچەکەی گرتەوە، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 400ی دیکەش بریندار بوون.
 
زریانەکە، خێراییەکەی گەیشتە زیاتر لە 250 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، بووە هۆی وێرانبوونی دەیان خانوو و حکومەتی ناچار کرد باری نائاسایی لە ناوچەکە رابگەیێنێت.
 
چەند کاژێرێک دوای زریانەکە، بەرپرسانی ویلایەتەکە لە راگەیێندراوێکدا باسیان لەوە کرد، لانیکەم کەسێک بێسەروشوێنە. پێنج لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە کەسی پێگەیشتوو بوون و شەشەمیشیان کچێکی تەمەن 14 ساڵان بووە.
 
حکومەت رایگەیاند، 437 کەس، کە منداڵ و ژنی دووگیانیان تێدایە، لە نەخۆشخانەکان و یەکە تەندروستییەکانی شوێنی رووداوەکە چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە. لەو ژمارەیە، لانیکەم 10 کەسیان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و نۆ کەسیشیان لە دۆخێکی مەترسیداردان.
 
لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانییەکان دەربڕی.