ترەمپ یاسایەکی نیشتمانی بۆ ژیریی دەستکرد دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا بە نیازە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی دەربکات بۆ ئەوەی لە هەموو ئەمریکا بۆ پرسی پەیوەندیدار بە ژیریی دەستکرد و کۆمپانیاکانی ئەو بوارە کاری پێبکریت. دەشڵێت، ئەمە بۆ یەکخستنی یاسای بەکارهێنان و وەبەرهێنانی ژیریی دەستکردە نەک هەر ویلایەتە و یاسای تایبەت بە خۆی هەبێت. 
 
رۆژی دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "پێویستە تەنیا یەک یاسا هەبێت ئەگەر بمانەوێت بەردەوامبین لە پێشڕەوی لە بواری ژیریی دەستکرددا. ئەم هەفتەیە یەک بڕیاری سەرۆکایەتی واژۆ دەکەم". 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەگەر یەکێک لە ویلایەتەکان بە بڕیارەکەی ترەمپ رازینەبن، ئەگەری هەیە بە راگرتنی هاوکارییە فیدراڵییەکان هەڕەشەیان لێبکات. 
 
هەریەک لە کۆمپانیاکانی چات جی پی تی، ئەلفابێت و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەی ژیریی دەستکرد داوای دەرکردنی یاسایەکی نیشتمانییان بۆ ژیریی دەستکرد کردووە لەبری ئەوەی هەر ویلایەتە و یاسای خۆی هەبێت. 
 
ئەو کۆمپانیایانە دەڵێن، ئەمریکا دەکەوێتە دوای چین لە بواری ژیریی دەستکردا، ئەگەر ویلایەتەکان هەر یەکەیان یاسای خۆی هەبێت. 
 
تاوەکو ئێستا حاکمی ویلایەتەکان بە دیموکرات و کۆمارییەوە بۆچوونیان لەبارەی دەرکردنی یاسایەکی گشتگیر دەرنەبڕیووە. 
 
هەفتەی رابردوو، رۆن دیسانتێس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا (سەر بە پارتی کۆماری) رایگەیاند، یاسایەکی نوێ دەردەکەن بۆ ژیریی دەستکرد بۆ ئەوەی بتوانن باشتر داتای خەڵک بپارێزن، دایک و باوکان بتوانن کۆنترۆڵی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن منداڵەکانیان بکەن و مافی بەکارهێنەرانیش بپارێزن.