شەپۆلی بەفربارین لە بۆسنە بەردەوامە
رووداو - هەولێر
رۆژی شەممە 7-1-2017 پلەکانی گەرما لە ناوچەی شاخاوی دەورووبەری سەراییڤۆی پایتەختی بۆسنە گەیشتە 27 پلە ژێر سفر.
بۆ هەوادارنی خلیسکێنە لەسەر بەفر تەحەدایەکی گەورە بوو.
لە زستانی ساڵی 1984ـدا، ناوچەی شاخاوی ئیگمان پێشوازی لە ئۆڵۆمپیاتی زستانەی خلیسکێنەی سەر بەفری کرد، بەڵام ئێستا بەهۆی سەرمای لە رادەبەدەری کەشوهەوا، ناوچەکە چۆڵە و تەنیا چەند هەوادارێكی خلیسکێنەی سەر بەفری تێدایە.
لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی ناوچەی شاخاوی سەراییڤۆیان بەمەبەستی ئەنجامدانی خلیسکێنەی سەر بەفر دەكرد، بەڵام دابەزینی پلەی گەرما رێگری لە هاتنی خەڵک کردووە.
بەگوێرەی ناوەندی کەشوهەوای بۆسنە، شەپۆلی سەرماکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما رۆژانە لە 12 ژێر سفر دەمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: حەكیم داود