ترەمپ هەڵبژاردنی ویلایەتی نیڤادای بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی نیڤادای بردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر هەڵبژاردنی ویلایەتەکانی ئایۆوا و نیوهامشەیەری لە رکابەرەکانی بردبووەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری بەهێزی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 توانی لە ویلایەتی نیڤادا ٪99.2ـی دەنگی ئەندامانی پارتی کۆماری بباتەوە و بەو جۆرەش دەنگی 26 نوێنەرەکە بەدەستبهێنێت.
تاکە رکابەری ترەمپ لە نیڤادا رایان بینکلی بوو کە تەنیا ٪0.8ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، نیکی هەیلی، رکابەری کۆماریی ترەمپ بڕیاریدا لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ویلایەتە بەشداری نەکات و رایگەیاند، "ترەمپ هەر لە سەرەتاوە گەندەڵی کرد؛ بۆیە یەک رۆژ و یەک دۆلارمان لەوێ [لە نیڤادا] بەفیڕۆ نەدا".
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگی 11ـی 2024 دەکرێت و بەربژێرێکی کۆماری و بەربژێرێکی دیموکرات رکابەری یەکدی بۆ بوون بە سەرۆکی داهاتووی وڵات دەکەن.
بۆ هەڵبژاردنی ئەو دوو بەربژێرە، پێویستە هەڵبژاردنی بەرایی لە ویلایەتەکان لە هەردوو پارت بکرێت و خەڵکی ویلایەتەکان نوێنەر هەڵدەبژێرن کە دواتر ئەو نوێنەرانە دەنگ بە بەربژێرە سەرەکییەکانی سەرۆکایەتی دەدەن.
دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتنەکەی لە شاری لاس ڤێگاس ئامادەبوو و گاڵتەی بە نیکی هەیلی کرد و گوتی، "نازانم لەبەرچی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوامە؛ لێیگەڕێن با بەردەوام بێت؛ هیچ گرنگییەکی پێنادەم".
هاوکات هەڵبژاردنی بەرایی لە دوورگەکانی ڤێرجن ئایلەندز بەڕێوەچوو و ترەمپ لەوێش بردیەوە.
هەڵبژاردنی بەرایی داهاتووی کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دەبێت و بڕیارە لە 24-2-2024 بەڕێوەبچێت.
نیکی هەیلی پێشتر حاکمی ئەو ویلایەتە بووە و پێیوایە لەوێ دەیباتەوە. بەڵام راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ترەمپ بە جیاوازی زیاتر لە 20٪ی دەنگەکان براوە دەبێت.
جگە لە بابەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەوەی بووەتە رۆژەڤی میدیای ئەو وڵاتە کەیسی نێوان دۆناڵد ترەمپ و دادگەی باڵای ئەمریکایە کە داواکرابوو دادگەکە بڕیار بدات دۆناڵد ترەمپ بەهۆی ئەوەی "بەشداری لە هەڵگەڕانەوە و یاخیبووندا کردووە، بەو پێیەی لە 6ی کانوونی دووەمی 2021، لایەنگرەکانی هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس" لە هەڵبژاردن دووری بخەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، لە دانیشتنێکی دوو کاژێریدا ئەندامانی نەریتخواز و لیبراڵی باڵاترین دادگەی ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی کە ژمارەیەک ویلایەت، تاک تاک دەیانەوێت بڕیاربدەن کام بەربژێر لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا بهێڵنەوە و کامەیان دووربخەنەوە.
دادگەی باڵای کۆلۆرادۆ، بە گەڕانەوە بۆ هەمواری 14یەمی دەستووری ئەمریکا، کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، بڕیاریدا کە ترەمپ لە هەڵبژاردنەکە دووربخرێتەوە، ئەوەش "لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی لە رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمدا گێڕابووی".
جۆناسان میچێل، پارێزەری ترەمپ لە گوتاری پێشەکیی دانیشتنەکەدا گوتی، تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت بەربژێرێک لە رکابەرییەکە دووربخاتەوە.
پارێزەرەکە گوتی، "بڕیاری دادگەی کۆلۆرادۆ هەڵەیە و پێویستە پاشەکشەی پێ بکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بڕیارە "دەنگی دەیان ملیۆن ئەمریکی بەفیڕۆدەبات".
جەیسن مووری، ئەو پارێزەرەی کە بە نوێنەرایەتیی دەنگدەرانی کۆلۆرادۆ دۆسیەکەی کردبووەوە، گوتی، پێویستە بەگوێرەی بڕگەی 3ی هەمواری 14یەمی دەستوور، ترەمپ دووربخرێتەوە.
بڕگە دەستوورییەکە دەڵێت، هەر کەسێک لە "یاخیبوون یان هەڵگەڕانەوە" تێوەبگلێت، مافی نییە هیچ پۆستێکی حکومی هەبێت.
هەرچەندە تا ئێستا دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆربەی دادوەرەکان لەگەڵ دوورخستنەوەی ترەمپ نین، پێدەچێت بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ترەمپ کۆتایی بێت.