زانایان دەیانەوێت لەڕێگەی مێشکی شۆفێری تاکسییەکانی لەندەنەوە AI بەرەوپێش ببەن
رووداو دیجیتاڵ
شۆفێری تاکسییە رەشەکانی لەندەن بەوە بەنێوبانگن سیستمی جیھانیی دیاریکردنی شوێن (GPS) بەکارناهێنن، بەڵکو دوای چەندین ساڵی راهێنان و کارکردن، نەخشەی 26 هەزار شەقامیان لەبەرە.
بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە شۆفێری تاکسی لە لەندەن، دەبێت دوو تاوەکو 4 ساڵ راهێنان بکات و، لە تاقیکردنەوەی نەخشەی 26 هەزار شەقامەکە کە بە "The Knowledge" دەناسرێت، سەرکەوێت.
مارک مانینگ، شۆفێری تاکسی لە لەندەن دەڵێ "کارەکەمم خۆشدەوێت. 25 ساڵە دەیکەم و هەر خۆشمدەوێت. زۆر شانازی بەخۆمەوە دەکەم کە یەکێکم لەو کەسە کەمانەی دەتوانن لە تاقیکردنەوەی نۆولج سەربکەون. زۆر کەس هەن تاقیکردنەوەکە دەکەن، بەڵام نازانن چۆن لێی دەربچن."
ئەم توانایە، تەنیا شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، بەڵکو یارمەتیی زانایانیش دەدات لە چۆنیێتیی کارکردنی مێشکی مرۆڤ تێبگەن.
زانایانی کۆلێژی زانکۆئاسای لەندەن (University College Of London) لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەوەی چۆن شۆفێرەکانی تاکسی، باشترین رێگە دەدۆزنەوە. ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ژیریی دەستکرد (AI) لە بواری رێدۆزیدا بەکاربهێنرێت.
هۆگۆ سپایەرز، دەمارناس لە کۆلێژی زانکۆئاسای لەندەن دەڵێ "شۆفێرانی تاکسی دەتوانن بە خواردنی مۆزێک، پلانی ئەم هەموو شتە سەرسوڕهێنەرە دابنێن. مێشکیان بەشێوەیەکی زۆر کارامە کاردەکات، لەکاتێکدا ژیریی دەستکرد بۆ ئەنجامدانی هەمان کار، پێویستیی بە زۆر شتە. بۆیە دەکرێت هەندێ رێگە و توانا هەبن کە بتوانین لە شۆفێری تەکسییەکانی لەندنەوە فێریان بین بۆ ئەوەی ژیرییەکی دەستکردی باشتر دروستبکەین."
زانایان هەروەها دەیانەوێت بەو لێکۆڵینەوەیە، رووبەڕووی نەخۆشیی زەهایمەر ببنەوە، چونکە بۆیان دەرکەوتووە؛ بە کارکردنی ساڵ دوای ساڵ، ئەو بەشەی مێشکی شۆفێری تاکسییەکان کە بەرپرسە لە کۆنترۆڵکردنی یادەوەری و رێدۆزی، گەورەتر دەبێت. هەر ئەو بەشەشە کە نەخۆشیی زەهایمەر کاری تێدەکات.
.زانایان دەیانەوێت لە مێشکی شۆفێری تاکسییەکانی لەندەنەوە فێری رێگەیەک بن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی زەهایمەر.
هۆگۆ سپایەرز، دەمارناس لە کۆلێژی زانکۆئاسای لەندەن دەڵێ "ئەگەر تێبگەین لەوەی شۆفێرانی تاکسی چۆن ئەم بەشەی مێشکیان بەهێز دەکەن، دەکرێت رێگەیەکی نوێ بۆ پاراستنی تەندروستیی مێشک لە داهاتوودا بدۆزینەوە."
لە داهاتوودا دەکرێت بەرنامەکانی رێدۆزی، وەک مێشکی شۆفێرێکی تاکسیی لەندەن کار بکەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە و جارێ سووکانی بڕیاردان، لە دەستی شۆفێرەکاندایە.