ترەمپ: ئێران دەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە، هێرش دەکەینەوە سەری
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێ، "وێرانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی" لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا وایکرد "وڵاتانی عەرەبی چیدیکە لە تاران نەترسن"؛ رەخنە لە سیاسەتی پێشووی وڵاتەکەی لە عێراقیش دەگرێ و بە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش ناوی دەبات.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەك کەناڵی ئێن بی سی نیووزی ئەمریکی کە رۆژی یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، پێشکێش کرا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ تاران و بەغدا.
هۆشداریدان بە ئێران
ترەمپ باسی لە جەنگی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی رابردووی ئیسرائیل و ئێران و بەشداریکردنی ئەمریکا لە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەدا کرد و گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی لە رێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری (B-2) بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کردنە ئامانج و "تەختی کردن".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ: "تەنیا یەک مانگی مابوو ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە هەموو ئامانجەکانمان پێکان و هیچمان نەهێشتەوە. ئێستا وڵاتانی عەرەبی چیدیکە لە ئێران ناترسن."
لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوودا ئەمریکا هێرشی کردەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان.
ترەمپ دەڵێ، ئێران دوای هێرشەکە بیری لەوە کردووەتەوە کە لە شوێنێکی دیکە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، بەڵام پێیان زانیوە و هۆشدارییان پێی داوە.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران، دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە سەرەتای ساڵی 2025 چووە قۆناخێکی پڕ لە ئاڵۆزیی سەربازی و سیاسی.
تاران کە لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە.
"عێراق و سەرهەڵدانی داعش"
سەبارەت بە دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا، ترەمپ رەخنەی تووندی لە ئیدارەکانی پێشووی وڵاتەکەی گرت و شێوازی مامەڵەکردنیانی بە خراپ ناوبرد.
ترەمپ باسی لە قۆناخی دوای ساڵی 2003 و جێبەجێکردنی یاسای ریشەکێشکردنی بەعس کرد و گوتی: "لە عێراق هەموو کەسێکیان دوورخستەوە، نە جەنەراڵیان هێشت و نە هیچ کەس کە وڵاتەکە بەڕێوەببات. ئەوە بوو پشێوییەکی گەورە دروستبوو."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "هەر لەوێشەوە داعش سەریهەڵدا. دەزانیت، داعش لەوێوە هات، لە سوپا و لە هەموو ئەو خەڵکەوە هات؛ ئەوان داعشیان دروستکرد. ئەوکات زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە کرا."