ترەمپ مامەڵەی 'خراپ'ـی دۆسیەی عێراق بە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش دادەنێ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بەراوردێک دەکات لەنێوان رووخاندنی رژێمی بەعس و لادانی سەدام حوسێن لەسەر حوکم لەگەڵ لادانی نیکۆڵاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و دەڵێت: "مامەڵەی خراپی ئەوان هۆکاری سەرهەڵدانی داعش بوو.''
دۆناڵد ترەمپ لە گفتوگۆیەکی یەک کاژێریدا لەگەڵ تۆم یاماس، پێشکێشکاری NBC ئەمریکی وردەکاریی هەندێک لە رووداوەکانی ئەمدواییەی ئاشکراکردن.
ترەمپ لەبارەی ڤەنزوێللا دەڵێت: "با پێت بڵێم، هیچ یەکێک لە چەکەکانیان (ڤەنزوێلا) ئیشی نەکرد، بەمشێوەیە ئەوانمان پەشۆکاند، هەموو شتێک بەشێوەی سەر لێتێکدان بوو، ئەوان ئامادەبوون بۆ هاتنمان، بەڵام کە چووین، هیچیان پێنەکرا، تۆم لە هەموو شتێک سەرمان لێتێکدان.''
چەکی DISCOMBAULATOR چییە؟
لەو چەند رۆژەی رابردوو، مشتومڕ و گفتوگۆیەک لەنێو میدیای ئەمریکا دروست بووە، لەسەر ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەک سەرۆکی ڤەنزوێلای لەسەر کار لادا، ئەوانی تووشی سەرلێشێوان کردووە، تەنانەت باس لەوە دەکرێ ئیدارەی ترەمپ چەکێکی هەیە بە ناوی 'پەشۆکار'.
ترەمپ خۆی بە یەک وشە باسی ئەو دۆخەی کردووە، شێوەی ئۆپەراسیۆنەکەی بە وشەی 'سەرلێتێکدەر' ناوهێناوە، وشەکە وابەکارهێنراوە لەلایەن ترەمپەوە کە ناوێک بێ نەک کار، واتە DISCOMBAULATOR کە بە مانا کوردییەکەی دەبێتە 'پەشۆکار'.
تۆم یاماس پرسیاری لێدەکات و دەڵێت: "باسی چەکی سەرلێتێکدەرت کردووە، ئەوەچییە؟" ترەمپ دەڵێ: "ناتوانم باسی ئەوە بکەم، بەڵام با پێت بڵێم هیچ یەکێک لە چەکەکانیان کاری نەکرد، ئەوەی باسم کردووە ئەوەبوو.''
ترەمپ باسی DISCOMBAULATOR دەکات و دەڵێت: "خۆم ناوم لێناوە و شانازی پێدەکەم، بۆ هەموو شتێک سەرمان لێتێکدان.''
بەراوردی پرۆسەی رزگاریی عێراق و دەستگیرکردنی مادورۆ
ترەمپ زیاتر لەسەر ڤەنزوێلا قسەی کرد و گوتی: "لە دۆخێکی زۆر سەختدا، کە بنکەیەکی سەربازیی گەورە هەیە و گەورەترینە لە ئەمریکای باشوور، ماڵەکە لەنێو بنکە سەربازییەکە بوو، بۆیە لە دۆخێکی زۆر سەختدا، نە سەرباز و نە چەکیشمان لەدەستنەدان.'' پشتڕاستی دەکاتەوە بەمشێوەیەی باسی کردووە ئەو ئامێر یان چەکەیە کە خۆی بە DISCOMBAULATOR ئەو کارەیان کردووە.
ترەمپ رەتیدەکاتەوە باسی پەیوەندیی دێلسی رۆدریگێز، سیاسەتڤان و سەرۆکی قۆناخی راگوزەری ڤەنزوێلا بکات لە لادانی مادورۆ، بەڵام گوتی: "تاوەکو ئێستا کاری گەورە دەکات.''
بێ ئەوەی پرسیاری لەبارەی دۆخی عێراقەوە لێ بکرێت، ترەمپ بەراوردی ڤەنزوێلا و عێراقی کرد: "بیرتە لە عێراق، ئەوان( کۆمارییەکانی سەردەمی جۆرج دەبلیو بوش) هەموویان لادان، نە جەنەڕالێک نە کەس هەبوو بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت، پشێویان دروستکرد، بەوهۆیەشەوە دواتر داعش سەری هەڵدا.''
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەڵێ: "داعش لە سەربازان و ئەو کەسانە دروستبوو لادران، ئەوان داعشیان دروستکرد، زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ ئەو دۆخە کرد، بەڵام ئێمە زۆر باش مامەڵەمان لەگەڵ دۆخی ڤەنزوێلا کرد.''
23 ساڵ لەمەوبەر، ئەمریکا سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکی جیهانی کرد بۆ لادانی سەدام حوسێن لەسەر حوکم و پرۆسەکە لەژێر ناونیشانی 'داماڵینی عێراق لە چەکی کۆکوژ' بەڕێوەچوو، لە 20 ـی ئادار دەستیپێکرد و زیاتر لە مانگێکی خایاند، لەنێویاندا 26 رۆژ شەڕی نێو شار و بەشداریی هێزی ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا و پۆڵاند لەو شەڕەدا.