ئیلۆن مەسک: دروستکردنی شار لەسەر مانگ ئاسانترە وەک لە مەریخ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەڵێت، کۆمپانیاکەی لەبری مەریخ، سەرنج دەخاتە سەر دروستکردنی شارێک لەسەر مانگ و پێشبینی دەکات لە کەمتر لە 10 ساڵدا پلانەکە جێبەجێ بکرێت.
 
ئەو ملیاردێرە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، دروستکردنی شارێکی گەورە لەسەر مانگ زۆر خێراتر و ئاسانترە، چونکە دەتوانرێ هەر 10 رۆژ جارێک گەشتی بۆ بکرێ، لەکاتێکدا گەشتکردن بۆ مەریخ هەر 26 مانگ جارێک (کە هەسارەکان رێک دەبن) دەکرێ و گەیشتن بەو ئامانجەش پێویستی بە زیاتر لە 20 ساڵ دەبێت. 
 
مەسک پێیوایە دەتوانن لەسەر مانگ زۆر خێراتر پەرە بە کارەکانیان بدەن و ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنن.
 
ئەم هەنگاوە نوێیەی سپەیس ئێکس هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە دەیەوێ لەبری مەریخ، سەرەتا ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە سەر مانگ. 
 
ترەمپ لە کۆتایی ساڵی رابردوودا فەرمانێکی واژۆ کرد کە تێیدا جەخت لە گەڕانەوەی ئەمریکییەکان بۆ سەر مانگ تاوەکو ساڵی 2028 دەکاتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆگرامی "ئارتێمیس"ی ئاژانسی ناسایە کە سپەیس ئێکس یەکێکە لە بەڵێندەرە سەرەکییەکانی.
 
شارەزایانی بواری بۆشایی ئاسمان دەڵێن، گۆڕینی پلانەکەی مەسک بۆ سەر مانگ لۆژیکیترە، چونکە لە رابردوودا چەندین وادەی بۆ گەیشتن بە مەریخ دیاری کردبوو و هیچیانی پێ جێبەجێنەکرا. بۆ نموونە، لە ساڵی 2011 گوتی لە 10 بۆ 20 ساڵی داهاتوودا دەگەنە مەریخ و لە ساڵی 2016شدا وادەی 2024ی دیاری کرد.
 
ئیلۆن مەسک جەختی کردەوە کە کۆمپانیاکەی بە تەواوی دەستبەرداری خەونی مەریخ نابێت و ئاماژەی بەوە کرد کە هاوشانی پڕۆژەی مانگ، هەوڵ دەدەن لە پێنج بۆ حەوت ساڵی داهاتوودا دەست بە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دروستکردنی شارێک لەسەر مەریخیش بکەن، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکەی سەرنجی لەسەر مانگە.