دۆسیە نوێیەکانی ئێپستین؛ دانانی کامێرای نهێنی بۆ هەڕەشەکردن لە ناوداران و دزەپێکردنی زانیاریی نهێنیی بەریتانیا
رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەکی نوێ لە ئیمەیڵ و بەڵگەنامە نهێنییەکانی جێفری ئێپستین، بازرگانی سێکسی، پەردەی لەسەر شێوازە ترسناکەکانی ئەو بازرگانە لاداوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر کەسایەتییە ناودارەکان. بەڵگەنامەکان دەریانخستووە، ئێپستین لەرێگەی کامێرای نهێنییەوە وێنەی میوانەکانی گرتووە و سوودی لە "رووسەکان" بینیوە بۆ هەڕەشەکردن.
کامێرای نهێنی لەناو کارتۆنی کلێنسدا
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ـی بەریتانی، کە پشتی بە بەڵگەنامە نوێیەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا بەستووە، ئێپستین فەرمانی بە لاری ڤیسۆسکی، فڕۆکەوانە تایبەتەکەی کردووە کە "3 کامێرای نهێنیی هەستیار بە جووڵە" بکڕێت کە توانای تۆمارکردنیان هەبێت.
فڕۆکەوانەکە لە وەڵامدا بۆی نووسیوە کە کامێراکانی کڕیوە و خەریکی جێگیرکردنیانە لە ناو "کارتۆنی کلێنکس" لە شوێنە جیاوازەکانی کۆشکەکەیدا.
ئیمەیڵێک کە لە 5ـی شوباتی 2014 بۆ ئێپستین نێردراوە، ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت ئەم کارە بە نهێنییەکی تەواوەوە بکرێت و تێیدا هاتووە: "رەنگە رووسەکان سوودیان هەبێت."
ئەمە گومانی ئەوەی دروست کردووە کە ئێپستین پەیوەندیی بە دەزگە هەواڵگرییەکانی رووسیاوە هەبووە بۆ کۆکردنەوەی "زانیاریی شەرمەزارکەر" تاوەکو لە رێگەیەوە گوشار بخاتە سەر دەوڵەمەند و ناودارانی جیهان.
نیگەرانیی قووڵی کۆشکی بەکینگهام
ئەم ئاشکرابوونە نوێیانە، بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیای هەژاندووە. شازادە ویلیەم و هاوژینەکەی کەیت میدڵتن، بۆ یەکەمجار لە رێگەی گوتەبێژی کۆشکی کێنسینگتنەوە رایانگەیاند،"بە قووڵی نیگەرانن" لەم زانیارییانەی پەیوەندییان بە شازادە ئەندرووی مامی ویلیەمەوە هەیە. ئەم لێدوانە لە کاتێکدا دێت، شازادە ویلیەم بەرەو سعودیە بەڕێکەوتبوو بۆ دەستپێکردنی گەشتێکی 3 رۆژە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
تۆمەتی نوێ دژی شازادە ئەندروو؛ دزەپێکردنی نهێنییە بازرگانییەکان
جگە لە تۆمەتە سێکسییەکان، شازادە ئەندروو ئێستا رووبەڕووی تۆمەتێکی مەترسیدار دەبێتەوە کە پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیاوە هەیە. بەگوێرەی دۆسیەکان، ئەندروو لەو کاتەی وەک نێردەی بازرگانیی بەریتانیا کاری کردووە، راپۆرتە "نهێنی و باوەڕپێکراوەکانی" گەشتە فەرمییەکانی بۆ (هۆنگ کۆنگ، ڤێتنام و سەنگاپوور) داوە بە جێفری ئێپستین. پۆلیسی مێترۆپۆلیتانی لەندەن ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەم تۆمەتانەیە.
هەروەها لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، "ئێپستین ژنێکی دووەمی ناردووە بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ ئەندروو هەبێت، هەروەها شازادە و ئێپستین داوای سێکسی سێ کەسییان لە سەماکارێکی نمایشکار کردووە لە کۆشکەکەی ئێپستین لە فلۆریدا."
لێکۆڵینەوە لە لۆرد پیتەر ماندڵسن
شەپۆلی ئەم دۆسیەیە لۆرد پیتەر ماندڵسن، سیاسەتڤانی باڵای بەریتانیشی گرتووەتەوە و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەستپێکردووە بەهۆی گومانی "رەفتاری نەشیاو لە پۆستی گشتیدا" و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین.
شازادە ئەندروو کە ساڵی 2025 لەلایەن شا چارڵزەوە هەموو ناسناوەکانی لێ سەندرایەوە، هەمیشە هەموو تۆمەتەکان و پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ ڤێرجینیا جیۆفری رەتکردووەتەوە. بەڵام هەفتەی رابردوو دواجار ناچار بوو "رۆیاڵ لۆج" (شوێنی نیشتەجێبوونی) چۆڵ بکات و بەرەو ناوچەی ساندرینگهام بڕوات. شازادە ئێدوارد (دوقنشینی ئەدینبێرگ) یەکەم ئەندامی بنەماڵەی شاهانە بوو کە هەفتەی رابردوو بە ئاشکرا باسی قوربانییانی ئەم دۆسیەیەی کرد و داوای کرد "قوربانییەکان فەرامۆش نەکرێن."