هاوکارەکەی ئێپستین: ترەمپ لێخۆشبوونم بۆ دەربکات، هەموو شتێک ئاشکرا دەکەم


رووداو دجیتاڵ

گیسلەین ماکسوێڵ، هاوکاری سەرەکیی جێفری ئێپستین، ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیارەکانی لیژنەیەکی کۆنگرێسی ئەمریکا بداتەوە، بەڵام رایگەیاند، ئامادەیە هەموو شتێك ئاشکرا بکات ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێبووردنی بۆ دەربکات.
 
بێدەنگی لەبەردەم کۆنگرێس
 
رۆژی دووشەممە،9ـی شوباتی2026، ماکسوێڵ کە تەمەنی 64 ساڵە و ئێستا خەریکی بەسەربردنی سزای 20 ساڵ بەندکردنە بە تۆمەتی قاچاخچێتیی سێکسی، لەلایەن لیژنەی چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بانگێشت کرابوو بۆ لێپێچینەوە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین. بەڵام لەبری وەڵامدانەوە، مافی "هەمواری پێنجەم"ـی دەستووری بەکارهێنا بۆ ئەوەی دژی خۆی شایەتی نەدات و وەڵامی هیچ پرسیارێکی نەدایەوە.
 
جەیمس کۆمەر، سەرۆکی لیژنەی چاودێری، بێهیوایی خۆی لە هەڵوێستی ماکسوێڵ نیشاندا و بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "وەک پێشبینی دەکرا، ماکسوێڵ بێدەنگیی هەڵبژارد. ئێمە چەندین پرسیارمان هەبوو لەسەر ئەو تاوانانەی ئەو و ئێپستین کردوویانە و ئەو کەسانەی هاوکاریان بوون."
 
سازش لەبەرامبەر ئازادبوون
 
دەیڤد مارکوس، پارێزەری ماکسوێڵ لە بەیاننامەیەکدا رێگەیەکی دیکەی خستە بەردەم کۆنگرێس و گوتی: "ئەگەر ئەم لیژنەیە و گەلی ئەمریکا بەڕاستی دەیانەوێت راستییە بێ فلتەرەکان ببیستن، ئەوا رێگەیەکی روون هەیە؛ خاتوو ماکسوێڵ ئامادەیە بە راستی و بە تەواوەتی قسە بکات، ئەگەر لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە لێبووردنی بۆ دەربچێت."
 
پارێزەرەکەی ماکسوێڵ گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ و بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا (کە هەردووکیان پێشتر دۆستایەتییان لەگەڵ ئێپستین هەبووە)، "بێتاوانن لە هەر کارێکی نادروست" و تەنیا ماکسوێڵ دەتوانێت هۆکارەکەی روون بکاتەوە.
 
ستراتیژییەک بۆ رزگاربوون
 
سوهاس سوبرامانیام، ئەندامی دیموکرات لە لیژنەکە کە بەشداری لێپێچینەوە داخراوەکەی کردووە، ماکسوێڵیی بەوە وەسف کرد کە "هەست بە پەشیمانی ناکات" و وەک "رۆبۆت" مامەڵە دەکات. سوبرامانیام گوتی: "ئەمە هەمووی ستراتیژییەکە بۆ ئەوەی لێبووردن لە سەرۆک ترەمپ بەدەستبهێنێت."
 
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن، وەزارەتی دادی ئەمریکا ملیۆنان بەڵگەنامە، وێنە و ڤیدیۆی نهێنیی پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکانی ئێپستینی بڵاوکردەوە.
 
لێژنەکە بیڵ کلینتن و هیلاری کلینتنیشی بانگێشت کردووە بۆ شایەتیدان. دۆناڵد ترەمپ کە پێشتر هاوڕێیەکی نزیکی ئێپستین بووە، تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەم لیژنەیەی کۆنگرێسەوە کە کۆمارییەکان سەرکردایەتی دەکەن، بانگێشت نەکراوە.
 
ماکسوێڵ تاکە کەسە کە تاوەکو ئێستا لە دۆسیەی ئێپستیندا سزای یاسایی درابێت. جێفری ئێپستین خۆی لە ساڵی 2019دا، لە کاتی چاوەڕوانیی دادگاییکردنیدا، لە زیندانێکی نیویۆرک کۆچی دوایی کرد و مردنەکەشی وەک خۆکوشتن تۆمار کرا.