چین لە رێگەی درۆنەوە کەلوپەل دەگەیێنێتە دەست کڕیاران
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری چینگدوی هەرێمی شیچوانی چین، کەلوپەلی هاوردەکراو بە درۆن دەگوازرێتەوە بۆ کڕیارەکان. ئامانجی کارەکەش سوودوەرگرتنە لە کات و گەیاندنی خێرا.
شی رویفینگ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای چینگدو باس لەوە دەکات، "بە رێگەی هێڵی شەمەندەفەری چین - یەکێتیی ئەورووپاوە شەراب هاوردەی چین کراوە و بەو هۆیەوە نرخی گواستنەوە کەمبووەتەوە. دوای گەیشتنیان بە درۆن بۆ خەڵکیان دەگوازینەوە و ئەمەش پشانیدەدات کە تەکنەلۆژیا بازرگانی بەرەوپێش دەبات."
لە شارەکە نزیکەی 100 بەرهەم، لەنێویاندا شەرابی ئەڵمانی، پەنیری فەرەنسی و چۆکلێتی بەلجیکی بە درۆن دەگەیێندرێنە کڕیاران. درۆنەکان تەنیا 30 خولەکیان پێویستە بۆ گەیاندنی داواکارییەکان.
شی جی، بەڕێوبەری لقی شینبایجانی کۆمپانیای چینگدو لەبارەی کارەکەیانەوە دەڵێت،"پلانێکی تایبەتمان بۆ گواستنەوەی شەکر و شەراب داناوە. کارمەندی پێویستیشمان هەیە بۆ ئەوەی شتەکان بە خێرایی و بە بەردەوامی بگەیێنین".
بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی چین، پار دوو ملیۆن و 700 هەزار کەلوپەل لە رێگەی درۆنەوە گەیێندراونەتە دەست کڕیارەکان.
راپۆرتی وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای زانیاری چینیش دەڵێت، بەهای بازاڕی درۆنی وڵاتەکەیان 71 ملیار دۆلارە، پێشبینیش دەکەن ساڵی 2026 بگاتە 136 ملیار دۆلار.