فەرەنسا دەیەوێت پێشوازی لەو لێکۆڵینڤانانە بکات کە بەهۆی ترەمپەوە ئەمریکا جێدەهێڵن


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی فەرەنسا داوایان لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی وڵاتەکەیان کردووە پێشوازی لەو زانا و لێکۆڵینڤانانە بکەن کە بەهۆی سیاسەت و پلانەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە ئەو وڵاتە جێدەهێڵن. 

رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، فلیپ باپتستە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی فەرەنسا نامایەکی بۆ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی وڵاتەکەی نارد و تێیدا هاتووە، "ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینڤانی بەناوبانگ لە داهاتوویان لە ئەمریکا دڵنیانین". دەشڵێت، "هیواخوازین پێشوازی لە ژمارەیەکی دیاریکراویان بکەین". 
 
دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئیدارەی نوێ دەستی بە بڕینی پاڵپشتیی فیدراڵی بۆ ژمارەیەک توێژینەوە کرد و سەدان کارمەندی تەندروستی و پسپۆڕی کەشوهەوای لەکار دوورخستنەوە. 
 
وەزیرە فەرەنسییەکە داواشی کردووە، سەرۆکی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە ناونیشانی ژمارەیەک پێشنیازی بەتایبەت لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و زانستی بۆ بنێرن. 
 
هەفتەی رابردوو، زانکۆی ئەکس-مارسیلیا لە باشووری فەرەنسا پڕۆگرامێکی بۆ پێشوازیکردن لە لێکۆڵینڤان و توێژەرە ئەمریکییەکان راگەیاند کە کار لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن. 
 
رۆژی هەینی رابردووش، ژمارەیەک زانا و لێکۆڵینڤان لە چەند شارێکی ئەمریکا خۆپێشاندانیان دژی بڕیارەکانی ترەمپ و ئیدارەکەی کرد، چەند هاوپیشەیەکیشیان لە شاری تۆلۆزی فەرەنسا خۆپێشاندانێکیان بۆ پیشاندانی هاوسۆزی کرد.