لیندزی گراهام: رووخانی رژێمی ئێران دەبێتە دەروازەی ئاشتی لە ناوچەکەدا
رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی بودجە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، کێشەی سەرەکی لە ناوچەکەدا رژێمی ئێستای ئێرانە و کاتێک ئەو رژێمە دەڕووخێت، گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات.
گراهام لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵە درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" بەرز دەکاتەوە و دەستی بە خوێنی ئەمریکییەکان سوورە. ئەو جەختی کردەوە، رووخانی ئەم رژێمە تەنیا کاتی دەوێت و پرسەکە پرسی "ئەگەر" نییە، بەڵکو پرسی "کەی" روودانیەتی.
بە بڕوای ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە، رووخانی رژێمی تاران دەبێتە "دەروازەیەک بۆ ئاشتی" و گەورەترین گۆڕانکاری لە ماوەی 2000 ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەهێنێتە کایەوە، ئەویش ناساندنی ئیسرائیل دەبێت لەلایەن سعودیە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، لیندزی گراهام ئاماژەی بە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی، "دۆناڵد ترەمپ ئەو پیاوەیە دەتوانێت هەموو ئەمانە بەدیبهێنێت."