وەزیری وزەی ئەمریکا: بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا کاتییە


رووداو دیجیتاڵ

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێ، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهان کاتییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە واشنتن کار بۆ لەنێوبردنی یەکجاریی "هەڕەشەکان"ی ئێران لەسەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە و گەرووی هورموز دەکات.
 
کریس رایت لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا سەبارەت بە نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند: "ماوەی 47 ساڵە ئێران شەڕی دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان راگەیاندووە و هەوڵی تێکدانی پەرەپێدانی وزەی دراوسێیەکانی داوە، کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم رەفتارانە بهێندرێت."
 
"بەرزبوونەوەی نرخ چەند هەفتەیەک دەخایەنێت"
 
سەبارەت بە نرخی بەنزین کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە رێژەی 14% بەرزبووەتەوە، وەزیری وزەی ئەمریکا گوتی کە ئەمە دۆخێکی کاتییە و رایگەیاند: "لە خراپترین دۆخدا ئەم بەرزبوونەوەیە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت نەک چەند مانگێک. کێشەی کەمیی بڕی نەوتمان نییە، بەڵکو ئەوەی دەبینرێت تەنیا کاردانەوە و ترسە لە ئەگەری درێژخایەنبوونی شەڕ."
 
رایت ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆی هەناردەکارێکی سەرەکیی نەوت و گازی سرووشتییە و کۆگایەکی یەکجار زۆری وزە لە جیهان هەیە، بۆیە مەترسیی پچڕانی یەکجاری لە ئارادا نییە.
 
"توانای مووشەکیی ئێران بە رێژەی 90% کەمی کردووە"
 
وەزیری وزەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە گوشارە سەربازییەکانی سەر ئێران ئەنجامی بەرچاویان هەبووە و رایگەیاند: "ئێستا هەموو توانایەکی سەربازیی ئێمە تەرخانکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی ئێران. لە ئەنجامی کارەکانماندا، هاویشتنی مووشەکەکانی ئێران بە رێژەی 90% و هاویشتنی درۆنەکانیان بە رێژەی زیاتر لە 80% کەمی کردووە."
 
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشان دا کە زۆر بەم نزیکانە هاتووچۆی ئاسایی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بۆ گەرووی هورموز بگەڕێتەوە، کە رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت.
 
پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پاراستنی کەشتییەکان لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە، کریس رایت گوتی: "ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕەکانی جیهان. لەوانەیە لە سەرەتادا کەشتییەکان پێویستیان بە پاراستنی راستەوخۆی سوپای ئەمریکا هەبێت، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن بەتەواوی لەناو ببەین."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئیدارەکانی پێشووی وڵاتەکەی هەموو ڕێگەیەکی گفتوگۆ و تەنانەت "سەرانە"شیان تاقیکردووەتەوە بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام بێسوود بووە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو وڵاتە بێهێز بکرێت تاوەکو "بەرەو بازرگانی هەنگاو بنێن نەک ململانێ."