وەزیری جەنگی ئەمریکا: لە ئامانج نزیک دەبینەوە و کۆتایی جەنگەکە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی  سی بێ ئێسی وڵاتەکەی دەڵێ، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران بەپێی پلانە داڕێژراوەکان بەڕێوەدەچن و نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەشی راگەیاند.
 
هێگسس لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە گوتبووی "ئەرکەکە لە تەواوبوون نزیکە،" گوتی، "ئێمە بە تەواوی لەسەر رێڕەوی پلانەکانمانین. چوومەتە بارەگای فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) و دەتوانم بڵێم هەموو شتێک بەپێی خشتەی دیاریکراو دەڕوات."
 
باڵادەستیی سەربازی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شەڕە لە رووی هاوسەنگیی هێزەوە بە هیچ شێوەیەک یەکسان نییە و گوتی: "کاتێک هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکدەگرن، بەهێزترین هێزی ئاسمانی جیهان پێکدەهێنن. توانای ئێمە بۆ پێکان و تێکشکاندنی ئامانجە سەربازییەکان بە تەقەمەنییە قورسەکانی وەک بۆمبە 500، 1000 و 2000 پاوەندییەکان زۆر باڵایە."
 
هێگسس ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا قۆناخی چڕی ئۆپەراسیۆنەکان بەو تەقەمەنییە گەورانە بە تەواوی دەستی پێنەکردووە، کە تێیدا کاریگەرییە وێرانکەرەکانی سەر توانای سەربازی ئێران زیاتر دەردەکەون.
 
مەرجی کۆتاییهاتنی جەنگ: خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج
 
سەبارەت بەوەی جەنگەکە کەی و چۆن کۆتایی دێت، هێگسس ئاماژەی بە ستراتیژیەتی ترەمپ کرد و رایگەیاند، تەنیا بژاردە لەبەردەم تاران "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجە."
 
وەزیری جەنگ گوتی، "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج واتای ئەوەیە ئێمە مەرجەکان دادەنێین. ساتێک دێت کە هیچ بژاردەیەکیان نامێنێت جگە لەوەی لە رووی سەربازییەوە پەکبکەون و بێ کاریگەر بن."
 
هێگسس رایگەیاند، شێوازی راگەیاندنی ئەم سەرکەوتنە و مەرجەکانی، تەنیا لەلایەن ترەمپەوە دیاری دەکرێن، چ لایەنی بەرامبەر دانی پێدا بنێت یان نا.