راپۆرتێک: ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت چەند بژارەیەک تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کار لەسەر کۆمەڵێک بژاردە دەکات بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بۆ سەرووی 100 دۆلارەوە بەرزبووەوە، ئەمەش لە ترسی کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس.
رۆژی دووشەممە 9ی ئاداری 2026 ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە رۆژى سێشەممە بە کاتى هەولێر و دووشەممە بە کاتى واشنتن، دۆناڵد ترەمپ پێداچوونەوە بۆ چەند پلانێک دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکانی وزە کە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە 28ی شوباتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاون.
نرخی نەوتی خاو لەم رۆژانەی دواییدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و بۆ ماوەیەکی کورت نرخی هەر بەرمیلێک 119 دۆلاری تۆمار کرد، بەڵام دواتر دابەزی، ئەمەش وایکردووە تێچووی بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکە لە ئەمریکا بەرز ببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت (G7) خەریکی گفتوگۆن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هاوبەش نەوت لە کۆگاکانی پاشەکەوتی ستراتیژی بەکاربهێنن.
بژارەکانی دیکەی تڕەمپ بریتین لە سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی ئەمریکا، دەستوەردان لە بازاڕەکانی نەوتی داهاتوو، لادانی هەندێک لە باجە فیدراڵییەکان و هەڵپەساردنی یاسای "جۆنز"، کە رێگە دەدات سووتەمەنی بەو کەشتییانەش بگوازرێتەوە کە ئاڵای ئەمریکایان پێوە نییە.
تایلۆر رۆجەرز، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کۆشکی سپی لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، چونکە ئەم بابەتە لە پێشینەی کارەکانی سەرۆکە. سەرۆک ترەمپ و تەواوی تیمی وزەکەی پلانێکی بەهێزیان هەبوو بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکان بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"."
لەم هەوڵانەدا چەندین بەرپرسی باڵا بەشدارن، لەوانە سوزی وایڵز، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی و ستیڤن میلەر، راوێژکاری باڵای ترەمپ.
پەکخستنی تەنگەى هورمز وایکردووە گواستنەوەی پێنج یەکی نەوتی جیهان پەکبکەوێت و وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانیانەوە بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە.
سەرۆک تڕەمپ کە جەختی لەسەر "سەروەریی وزەی ئەمریکا" کردووەتەوە، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە، چونکە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم نزیک دەبنەوە و کۆمارییەکان نایانەوێت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کاریگەری لەسەر دەنگەکانیان هەبێت.
هەرچەندە واشنتن بیمەی سیاسی بۆ کەشتییەکان راگەیاندووە و رووی لە بازاڕی نەوتی ڤەنزوێلا کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جووڵەی کەشتییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانەوە سستە.
بیمەی سیاسی ئەو جۆرە بیمەیەیە کە لەلایەن حکومەت یان کۆمپانیایەکەوە دەدرێتە دامەزراوە بازرگانییەکان کە بەهۆی دۆخی سیاسیی وڵاتەوە دووچاری زەرەر و زیان دەبنەوە.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێزی دەریایی ئێران بەتەواوی لەناوچووە، بەڵام پاشماوەی توانای مووشەکیی تاران هێشتا وەک کۆسپێک لەبەردەم گەڕانەوەی متمانە بۆ بازاڕی وزە ماوەتەوە.