ترەمپ: ئوستراڵیا رازیبووە مافی مانەوە بە یاریزانانی تۆپی پێی ژنانی ئێران بدات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئوستراڵیا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هەندێک لە یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران.
 
رۆژی دووشەممە 9ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" بڵاویکردەوە، "ئێستا لەگەڵ ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوستراڵیا سەبارەت بە هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی ژنانی ئێران قسەم کرد. ئەو خەریکی کارەکەیە! پێنج یاریزانیان مافی مانەوەیان پێدراوە". ترەمپ پێشتر داوای لە ئوستراڵیا کردبوو پەنایان بدات و هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە "ئەگەر ئێوە نەیانگرنە خۆتان، ئەمریکا ئەو کارە دەکات".
 
ئەم کێشەیە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە یاریزانانی ئێران لە یارییەکی جامی ئاسیا بەرامبەر کۆریای باشوور، وەک پیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر تاران و تەنیا دوو رۆژ دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بێدەنگ وەستان و سروودی نیشتمانییان نەگوتەوە. ئەمەش وایکرد میدیا فەرمییەکانی ئێران بە "خائینی کاتی جەنگ" ناویان ببەن.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لە یاریزانەکان دەترسن بگەڕێنەوە چونکە هەڕەشە لە سەلامەتی خێزانەکانیان کراوە. لە لایەکی دیکەوە، کەسایەتییە ناودارەکانی وەک جەی کەی رۆلینگ، نووسەری زنجیرە کتێبی "هاری پۆتەر" و رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، داوای پاراستنی بەپەلەی ئەو کچانەیان کردووە.
 
لە کاتی دوایین یاری هەڵبژاردەکە لە ئوستراڵیا، جەماوەرێکی زۆر لە بەردەم یاریگا کۆبوونەوە و بە دروشمی "کچەکانمان رزگار بکەن" و "گۆڕینی رژێمی ئێران"، داوایان دەکرد رێگە نەدرێت یاریزانەکان بگەڕێنەوە بۆ ئێران، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
 
رۆژی 28ی شوبات ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ئێران لە وەڵامدانە ژمارەیەک مووشەک و درۆنیشی ئاڕاستەی وڵاتانی کەنداو کرد.