توێژینەوەیەک: لە سەردەمی بەستەڵەکدا رۆژانە 600 مەتر سەهۆڵ تواوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە بەستەڵەکی باشووری زەوی لە ناوچەی ئەنتارکتیکا خێراتر لەوەی پێشبینی دەکرێت دەتوێتەوە و، تەنانەت لە چاخی بەستەڵەکیشدا (Ice Age) رۆژانە 600 مەتر تواوەتەوە.  
 
داتاکان کە لەرێگەی چاودێریکردنی مانگی دەستکردەوە دەستکەوتوون، دەریدەخەن، لە چەند ساڵی رابروودا رۆژانە 30 مەتر لە سەهۆڵی ژێر بەستەڵەکەکان تواوەتەوە، بەڵام چاودێریکردن لەرێگەی مانگی دەستکردەوە هەر 50 ساڵێک دەبێت دەستیپێکردووە. ئەوەش تێگەیشتنمان بۆ چۆنییەتی و چەندێتیی توانەوەی بەستەڵەکەکان لە سەدەکانی رابردوودا سنووردار دەکات. 
 
لە توێژینەوە نوێیەکەدا کە لە گۆڤاری نەیچەری زانستیدا بڵاوکراوەتەوە، توێژەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر پاشماوەی جێماوی ژێر بەستەڵەکەکان کردووە کە پێش هەزاران ساڵ تواوەتەوە. 
 
لێواری بەستەڵەکەکان دەریدەخەن؛ لە سەردەمی بەستەڵەکەوە بڕێکی زۆر سەهۆڵ تواوەتەوە. توێژینەوەکە باس لە 20 هەزار بۆ 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەکات "کە لەو کاتەدا بەشێکی زۆری ئەوروپا و ئەمریکای باکوور بە سەهۆڵ داپۆشرابوو" و دەڵێت، لەو کاتەدا دیاردەیەکی گۆڕانی کەشوهەوا هەبووە و رۆژانە 55 بۆ 610 مەتر بەستەڵەک تواوەتەوە. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، "ئەم ژمارەیە زۆر لەو راپۆرتانەی پێشوویان تێپەڕاندووە کە بە پشتبەستن بە مانگی دەستکرد و ئاماری جیۆلۆجی باس لە هێڵی سەرئاوکەوتن دەکەن". 
 
گەرمبوونی زەوی بەهۆی دەردانی کاربۆن لە ئەنجامی کاری مرۆڤەوە، دەبێتە هۆی توانەوەی بەستەڵەکەکان و زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی، دەکرێت ئەوەندە بەستەڵەک بتوێتەوە خاکی ژێر سەهۆڵبەندانەکانی ئەنتارکتیکا دەربکەوێت، بەوەش هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا دەدەن. 
 
ئەو رووبەرەی لە جەمسەری باشوور بە بەستەڵەک داپۆشراوە، هێندەی هەموو ئەمریکا و مەکسیک دەبێت. بە توانەوەی تەواوەتی، ئاستی رووی دەریا، تێکڕا 57 مەتر بەرزدەبێتەوە کە ئەنجامی کارەساتباری دەبێت. 
 
کریستین باچلەر، توێژەر لە زانکۆی نیوکاسڵی بەریتانیا دەڵێت، " توێژینەوەکەمان دەریدەخات کە پاشەکشەی زۆر خێرا لە سەهۆڵبەندان دەتوانێت لە سەرانسەری ناوچە تەختەکانی جەمسەری باشووردا رووبدات".
 
توێژەرەکە باس لەوەش دەکات "لەکاتێکدا دۆزینەوەکەمان ناتوانێت پێمانبڵێت کەی توانەوەی بەستەڵەکەکان دەگاتە سەر خاک، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی؛ کامە پارچە بەستەڵەک هەڕەشەی توانەوەی زیاتری لەسەرە".