گەورەترین بودجە لە مێژووی ژاپۆن پەسندکرا
رووداو دیجیتاڵ
ژاپۆن گەورەترین بودجەی مێژووی خۆی بە بڕی 122,3 تریلیۆن یەن (767 ملیار دۆلار) پەسند کرد، ئەمەش سەرەڕای تێپەڕبوونی وادەی یاسایی و دواکەوتنی بۆ یەکەمجار لە ماوەی 11 ساڵدا. بودجە زەبەلاحەکەی ژاپۆن جەخت لەسەر فراوانکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، پەروەردەی بێبەرامبەر و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکان دەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی باڵای ژاپۆن بودجەی دارایی ساڵی 2026 ی پەسند کرد، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا کە پڕۆژەیاسای خەرجییەکان نەتوانێت پێش وادەی یاسایی خۆی (1 ی نیسان) پەسند بکرێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دواکەوتنە مێژووییە بۆ بڕیارەکەی سانایێ تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی نوێی ژاپۆن دەگەڕێتەوە کاتێک لە مانگی شوباتدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند.
ئەم هەڵبژاردنە، یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی مانگی شوباتە لە دوای ساڵی 1990 ەوە. بەهۆی بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنەوە، پەرلەمان کاتی پێویستی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە نەبوو و نەیتوانی لە وادەی دیاریکراودا رێکارەکانی بودجە تەواو بکات.
ئەم بودجەیە، کە بڕەکەی 122,3 تریلیۆن یەنە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.1 تریلیۆن یەن (44 ملیار دۆلار) زیادی کردووە، بە گەورەترین بودجە لە مێژووی ژاپۆن دادەنرێت و رەنگدانەوەی سیاسەتی ئابووریی فراوانخوازیی ساناێ تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیە بۆ گەشەپێدانی دارایی.
ملیارەها یەن بۆ پیران، پەروەردە و بەرگری
لە نێوەڕۆکی ئەم بودجە زەبەلاحەدا، بڕی 39 تریلیۆن یەن (245 ملیار دۆلار) بۆ کەرتی دڵنیایی کۆمەڵایەتی تەرخان کراوە کە تەنیا 520 ملیار یەنی (3 ملیار دۆلار) وەک رێکارێک بۆ زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان زیاد کراوە.
هەروەها، بودجە نوێیەکە بڕی 700 ملیار یەنی دیکەی بۆ خوێندنی خۆڕایی و ژەمی خۆراکی قوتابخانە سەرەتاییەکان زیاد کردووە.
لە رووی سەربازییەوە، ژاپۆن بڕی 8.8 تریلیۆن یەنی (55 ملیار دۆلار) بۆ خەرجییە بەرگرییەکان دیاری کردووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 300 ملیار یەن زیادی کردووە.
ئەم تەرخانکردنە داراییە گەورەیە لە کاتێکدایە کە بازاڕە داراییەکانی ژاپۆن لەژێر گوشارێکی زۆردان و بەهای دراوی نیشتمانی (یەن) بەرانبەر دۆلار و یۆرۆ دابەزیوە، هاوکات سوودی قەواڵە داراییەکانی حکومەتیش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وادەکات بەڕێوەبردنی ئەم بودجە گەورەیە ئاڵنگارییەکی جیدی بێت بۆ حکومەتەکەی تاکایچی.