راوێژکاری ئەڵمانیا: رەنگە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ببنە هۆی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی
رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دەبێتە هەڕەشە لەسەر گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران و رەنگە پرۆسەکە بە تەواوی پەکبخات.
رۆژی پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2026، مێرتس رایگەیاند: "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانینە دۆخی باشووری لوبنان. ئەو شەڕە سەختەی ئیسرائیل لەوێ دەیکات، رەنگە ببێتە هۆی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی بەگشتی، ئەمەش شتێکە کە نابێت رێگەی پێ بدرێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەگەڵ ئێران بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ، سەرکەوتنی خۆی لە جەنگی ئێران راگەیاند، بەڵام ئێستا گوشارە نێودەوڵەتییەکان زیادیان کردووە بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە.
دوای ئەوەی حیزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، دەستی بە مووشەکبارانی ئیسرائیل کرد، لوبنانیش کەوتە نێو جەنگەکە. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، لە ئەنجامی هێرشە زەوینی و ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1500 کەس کوژراون.
راوێژکاری ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر سێ ئامانجی سەرەکی وڵاتەکەی لەم دۆخەدا؛ یەکەمیان، هێورکردنەوەی خێرای گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە؛ دووەمیان، پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لە چوارچێوەی ناتۆدا؛ سێیەمیشیان، دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا.
مێرتس هەروەها ئاشکرای کرد، کە ئەڵمانیا دوای بێدەنگییەکی درێژخایەن، دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران کردووەتەوەو گوتی: "ئەم گفتوگۆیانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە ئەورووپییەکانمان بەڕێوەدەچن."